ئێنریکی بۆ دێمبێلێ: قسەکانت بێ نرخ و بێ مانان
رووداو دیجیتاڵ
لویس ئێنریکی، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان، وەڵامی لێدوانەکانی عوسمان دێمبێلێ ئەستێرەی تیپەکەی دایەوە، کە تێیدا هێرشی کردبووە سەر هاوڕێکانی دوای شکستی کتوپڕی یانەکە بەرامبەر ستاد رێن بەئەنجامی 1-3 لە گەڕی 22ـی خولی فەرەنسادا.
دێمبێلێ بێ دوودڵی پەیامێکی تووندی لەڕێگەی تۆڕی RMCـی فەرەنسییەوە ئاراستە کردبوو و گوتبووی "بەسەرەتایەکی زۆر کارەساتبار دەستمان پێکرد، رێن یارییەکی زۆر نایابی ئەنجامدا. ئێمە پێویستمان بە نیشاندانی ویستێکی زیاتر هەیە، گرنگترین شت ئەوەیە بۆ تیپەکە یاری بکەین ئەگەر بمانەوێت یارییەکان ببەینەوە".
دێمبێلێ بە تۆنێکی تووندتر گوتبووی "یاریکردن بە خۆپەرستی لەناو یاریگەدا سوودی نابێت و ئەو نازناوانە بەدەست ناهێنین کە ئاواتی بۆ دەخوازی. وەرزی رابردوو ئێمە یانەکە و دروشمەکە و پاریس سانجێرمانمان لەپێش خۆمانەوە دادەنا".
هەروەها گوتبووی "دەبێت ئێستا ئەم گیانی بەکۆمەڵە بگەڕێنینەوە، بەتایبەتی لە نیوەی دووەمی وەرزدا، کە دەبێت پاریس لە پێشینەی کارەکان بێت نەک تاکەکان".
سەبارەت بە کاریگەریی شکستەکە دوای سەرکەوتنە گەورەکەیان لە کلاسیکۆ بەرامبەر مارسیلیا، گوتبووی "دەبێت سەرەتا بۆ یانەکە یاری بکەین نەک بۆ خۆمان، یاریزانانی رێن پێداگربوون لەسەر تۆڵەکردنەوە دوای شکستی قورسیان لە یاریی چووندا بەئەنجامی 5-0 و ئاستێکیان پێشکەش کرد کە شایستەی سەرکەوتن بوون".
ئێنریکی وەڵامی قسەکانی دێمبێلێ دایەوە، لە لێدوانێکیدا کە رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت "هەرگیز رێگە بە هیچ یاریزانێک نادەم لە سەرووی یانەکەوە بێت.. ئەم خاڵە لەم بارەیەوە زۆر روونە".
زیاتریشی گوت "من بەرپرسی تیپەکەم، بەڵام کەس لە سەرووی یانەکە نییە، چ یاریزانەکان، چ من، چ بەڕێوەبەری وەرزشی و تەنانەت سەرۆکیش".
لە کۆتاییدا گوتی "ئەم لێدوانانە بێبایەخن.. تەنیا ئەنجامی ئەو بێئومێدییەن کە بەهۆی ئەو یارییەوە دروست بووە کە تازە کۆتایی هاتبوو".