راستیی ئاماژە 'پڕ لە مشتومڕەکەی' سیمیۆنی بەرامبەر یامال ئاشکرابوو
رووداو دیجیتاڵ
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، توانی کۆنترۆڵی تاکتیکیی خۆی بەسەر یاریی چوونی قۆناخی نیوەی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا بسەپێنێت، دوای ئەوەی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە بارسێلۆنای بردەوە. سیمیۆنی سوودی لە ئامادەنەبوونی رافینیا وەرگرت و تەواوی سەرنجی خستە سەر پەکخستنی ئەستێرە لاوەکەی تیپەکە، لامین یامال.
یارییەکە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا دوای ئەوەی کامێراکان رەفتارێکی پڕ لە گومانی سیمیۆنییان تۆمارکرد؛ کاتێک دەستی راستی بەرزکردەوە و ئاماژەی بە ژمارە 3 کرد رێک لەو کاتەی یامال بە بەردەمیدا تێپەڕ دەبوو.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، هەندێک کەس ئەمەیان وەک سووکایەتییەکی مەبەستدار بۆ ئەو گەوهەرە لاوە هەژمارکرد، گوایە دیێگۆ بەو ئاماژەیە بە لامینی گوتووە "سێ گۆڵمان لەدژی ئێوە تۆمارکردووە"، ئەمەش بووە هۆی تووڕەیی هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە.
بەڵام بەگوێرەی شیکردنەوەی رۆژنامەی مارکا، ئاماژەکەی سیمیۆنی تەنیا بۆ تووڕەکردنێکی سەرپێیی نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لە پلانێکی تاکتیکیی ورد.
وەک مارکا باسی دەکات، ژمارە 3 ئاماژە بووە بۆ راسپاردنی سێ یاریزان بۆ ئەرکێکی دیاریکراو: چاودێریکردنی یامال و کۆنترۆڵکردنی مەترسییەکانی لەڕێگەی گوشاری بەردەوام و رێگریکردن لێی لەوەی بچێتە ناو قوڵایی یاریگە یان پاسی یەکلاکەرەوە بدات. ئەم سێ یاریزانەش بریتی بوون لە رۆجێری لە باڵی چەپ، هانکۆ وەک بەرگریکاری ناوەندی چەپ بۆ پشتگیریکردنی چاودێرییەکە و مارکۆس یۆرێنتی بۆ داپۆشینی بۆشاییەکان و رێگریکردن لە هەر بڕینێک.
بەمەش دەکرێت بگوترێت ئەو ئاماژەیەی کە لەلایەن هاندەرانی بارسێلۆناوە وەک سووکایەتییەکی کەسی لێکدرایەوە، لەڕاستیدا بەشێک بوو لە پلانێکی بەرگریی توندوتۆڵ کە ئامانجی پەکخستنی جوڵەکانی گرنگترین یاریزانی تیپی بەرامبەر بوو، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات و لەڕووی تاکتیکییەوە زاڵ بێت بەسەر یارییەکەدا.