رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و بەئەنجامی 4-1 لە یانەی ریال سۆسیدادی بردەوە، ڤینیسیۆس جونیۆر ئەستێرەی یەکەمی یارییەکە بوو و دوو گۆڵی تۆمارکرد، مێرینگی بەم سەرکەوتنە باڵادەستیی خۆی لە لالیگا پێشاندا.
لە چوارچێوەی یارییەکانی لالیگا، ریال مەدرید لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی ریال سۆسیدادی کرد، کوڕانی ئەلڤارۆ ئەربێلوا لە سەرەتای یارییەکەوە بە گوشارێکی زۆرەوە دەرکەوتن، تەنیا 5 خولەک بەسەر دەستپێکی یارییەکە تێپەڕی، گۆنزالۆ گارسیای یاریزانی لاو دوای وەرگرتنی پاسێکی جوانی ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، دەرگای گۆڵ تۆمارکردنی کردەوە و مەدریدی پێشخست.
ریال سۆسیداد هەوڵی گەڕانەوەی بۆ نێو کەشی یارییەکە دا، لەخولەکی 21 میکێل ئۆیارزابال لە رێگەی لێدانی سزاوە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، بەڵام خۆشییەکەی میوانەکان زۆری نەخایاند، تەنیا 4 خولەک دوای ئەوە، ڤینیسیۆس جونیۆر بە لێدانی سزا جارێکی دیکە ریال مەدریدی پێشخستەوە، باڵادەستیی مێرینگی بەردەوام بوو، لە خولەکی 31 فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی دوای پاسێکی ئالڤارۆ کارێراس گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتاییهات.
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، ریال مەدرید هێرشەکانی چڕکردەوە، لە خولەکی 48 ڤینیسیۆس جونیۆر جارێکی دیکە لە رێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی تیپەکەی تۆمارکرد، ئەلڤارۆ ئەربێلوا لە نیوەی دووەمدا بە هێنانە ناوەوەی یاریزانانی یەدەگ وەک ئالابا، کارڤاخال، سیبایۆس و برایم دیاز، توانی پارێزگاری لە هێزی تیپەکەی بکات.
ئامارەکانی یارییەکە گوزارشت لە باڵادەستی ریال مەدرید دەکەن، ریال مەدرید 15 لێدانی هەبوو 7 لێدانیان بۆ نێو گۆڵ بوون، لەکاتێکدا سۆسیداد تەنیا 9 لێدانی هەبوو، وردیی پاسەکانی ریال مەدرید گەیشتە 87%، ئەمەش نیشانەی کۆنترۆڵی تەواوی یارییەکەیە.
لە هەڵسەنگاندنی یاریزانەکاندا، ڤینیسیۆس جونیۆر بەنمرەی 9.3 بە باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا، فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی نمرەی 8.3 و ئالڤارۆ کارێراس نمرەی 8.1ـیان بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا رێمیرۆی گۆڵپارێزی سۆسیداد نزمترین ئاستی هەبوو و نمرەی 4.8ـی پێدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ