ریال مەدرید یارییەکی گرنگی هەیە و ئەربێلوا گۆڕانکاری دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بردنەوە لە مانچێستەر سیتی و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی سەرنجڕاکێش لە رکابەرییەکانی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ، یانەی ریال مەدرید بە ورەیەکی بەرزەوە دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی لالیگا و دەیەوێت درێژە بە رکابەریکردنی بارسێلۆنا بدات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 28ـی لالیگادا، کاژێر 23:00 یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ئێلچی یاریی دەکات، تیپەکە سەرەڕای ئەوەی بەشێکی یاریزانەکانی ئامادەنین، بەڵام دوای ئەو بردنەوەیەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگدا تۆماریکرد، ورەی بەرزە و دەیەوێت لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، بۆ ئەوەی لە گوشارخستنە سەر بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بەردەوامبێت و بەشێوەیەکی کاتی بچێتە پلەی یەکەمی ریزبەند.
 
لە یارییەکەی ئەمشەودا، کیلیان ئێمباپێ، جود بێلینگهام، رۆدریگۆ، ئەلڤارۆ کارێراس، دانی سێبایۆس، دەیڤد ئالابا و فێرلان مێندی بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن، فرانکۆ ماستانتونۆ بەهۆی ئەو کارتە سوورەی بەرامبەر خێتافی وەریگرت سزادراوە و یاریی ناکات.
 
لەگەڵ ئەوەی ئەم هەموو یاریزانەی بەردەست نابێت، ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید ئەگەری هەیە چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەکەیدا بکات.
 
بردنەوەی ئەم یارییە بۆ ریال مەدرید گرنگە، بەوپێیەی دوو یاریی داهاتووی زەحمەت دەبێت، رۆژی سێشەممە لە یاریگەی ئیتیحاد یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی ئەنجامدەدات، رۆژی یەکشەممەی داهاتووش لە دێربیی مەدریددا رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە.
 
ئێلچی لە دۆخێکی باشدا نییە، لە 27 گەڕی رابردوودا تەنیا 5 یاریی بردووەتەوە، ئەوان لە هێڵی مەترسیی دابەزیندان و لە پلەی حەڤدەیەمی ریزبەندە، بۆیە دەیەوێت رکابەری لەسەر مانەوەی خۆی لە خولەکەدا بکات.