زاخۆ و دهۆکیش وەک هەولێر و نەورۆز 3 خاڵی ئەم گەڕەیان دەوێت

رووداو دیجیتاڵ

گەڕی 22ـی  خولی ئەستێرەکانی عێراق بەسەرکەوتنە گەورەکانی یانەی نەورۆز و یانەی هەولێر دەستیپێکرد، زاخۆ و دهۆکیش دەیانەوێت بە ئاهەنگگێڕانەوە کۆتایی بەم گەڕە بینن.
 
نەورۆزی کوردان برینەکانی یانەی ئەمانە بەغدای قوڵتر کرد و بەئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر لێی بردەوە، سوور پۆشانی سلێمانی سەرەڕای دوورییان لە هاندەرانیان، بەڵام لەنێو شاری بەغدا بردنەوە و سێ خاڵی یارییەکەیان بەدیاریی بردەوە پایتەختی رۆشنبیری. 
 
یانەی هەولێر لە یارییەکی بەهێزدا بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانی میوانداریی یانەی مینای کرد، دوای یارییەکی بەهێز و پڕ ململانێ ئیمپڕاتۆر یارییەکەی بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بردەوە، لە یارییەکەدا جارێکی دیکە شێرزوود تیمیرۆڤ ئەستیرەی ئۆزبەکستانی درێس زەردەکان درەوشایەوە و هەرسێ گۆڵەکەی هەولێری تۆمارکرد و لە سەرووی لیستی گۆڵکارانی خولەکە دێت بە تۆمارکردنی 19 گۆڵ.
 
دوای تەواوبوونی یارییەکە باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر هاتە بەردەم مایکی رووداو سپۆرتس و گوتی "زۆر دڵخۆشم بەبوونی ئەستێرەیەکی وەک شێرزوود تیمیرۆڤ لە پێکهاتەکەمدا کە بڕی پارەی گرێبەستەکەی ناگاتە نیوەی ئەو گرێبەستە گرانبەهایانەی یانەکانی شورتە و زەورا. یاریی داهاتوومان ئاسان نییە، بەڵام دەمانەوێت درێژە بدەین و بەو ئەنجام و کارە باشانەی وەرزشی ئەمساڵ هەمانە".
 
ئەمڕۆ شەممە یانەی زاخۆ لە شاری هەولێر یاریی لەگەڵ یانەی قاسم دەکات، کوڕانی خابوور لە ئامادەباشیدان و ئێستا لە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەی هەولێر لە پشوودان و دەیانەوێت سێ خاڵی دیکە وەربگرن و برینەکانی یانەی قاسم زیاتر قوڵ بکەن. 
 
ئالهوێین چیای لە گەڕی رابردوودا یانەی شورتەی بەزاند، تیپەکە لە بەغدا یاریی لەگەڵ یانەی کەرخ دەکات، تیپی رکابەری دهۆک خاوەن پێکهاتەیەکی یاریزانی لاوە و ئەیمەن حەکیم، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی سوریا سەرپەرشتیان دەکات، بەڵام دهۆک بۆ یارییەکە ئامادەیە و هەموو چاوەڕوانییەکان بۆ سەرکەوتنی پاڵەوانی وەشانی رابردووی جامی کەنداون. 
 
یانەی هەولێر بەکۆکردنەوەی 43 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە. زاخۆ 36 خاڵی هەیە و لە پلەی حەوتەمی ریزبەندییە، دهۆک 30 خاڵی هەیە لە پلەی نۆیەمدایە و نەورۆز 28 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی یازدەدایە.