پێشەنگ دەیەوێت لە نازناو نزیکببێتەوە و دووەم لە دۆخێکی خراپدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی گەڕی 30ـی پرێمەرلیگ بەڕێوەدەچن، یانەی ئارسیناڵی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە دەیەوێت هەنگاوێکی دیکەی لە بردنەوەی نازناوەکە نزیکببێتەوە و مانچێستەر سیتی دووەمی ریزبەند لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە.
 
ئارسیناڵ لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر ئێڤێرتۆن یاریی دەکات، میکێل ئارتێتا، راهێنەری گانەرز بەرامبەر یانەی سەردەمی یارییکردنی یاریی دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەی سێ خاڵی دیکە هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە نزیکببێتەوە.
 
ئارسیناڵ لەکاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگدا لە دوایین خولەکەکاندا بەرامبەر بایرلیڤەرکوزن یەکسانبوو، بۆیە بردنەوەی ئەم یارییە بۆ لەندەنییەکان دووجار گرنگە، هەم بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە نازناوی خولەکە، هەمیش بۆ ئەوەی بە ورەیەکی بەرز بۆ یاریی گەڕانەوە ئامادەبن.
 
ئێڤێرتۆ لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی باشن و لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولەکەن، لە دوایین دوو یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و ئەرکی لەندەنییەکان بەرامبەر یانەکەی شاری لیڤەرپوول ئاسان نابێت.
 
لە یارییەکی دیکەدا، یانەی مانچێستەر سیتی دووەمی ریزبەندی خولەکە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر وێستهام یاریی دەکات، هەردوو تیپ لە دۆخێکی خراپدان.
 
مانچێستەر سیتی بەهۆی ئەوەی لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگدا، بە ئەنجامێکی گەورە و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە ریال مەدرید دۆڕا، وێستهام بەهۆی ئەوەی لەنێو هێڵی دابەزینە.
 
بۆ مانچێستەر سیتی یارییەکە گرنگە، بۆ ئەوەی لە رکابەری ئارسیناڵ دوورنەکەوێتەوە و بە ورەیەکی باشترەوە بۆ یاریی گەڕانەوە ئامادەبێت.
 
وێستهام چاوی لەوەیە سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوە تۆماربکات و لە ناوچەی دابەزین دووربکەوێتەوە و لە رکابەریکردن لەسەر مانەوە لە خولەکەدا بەردەوامبێت.