بێژەرێک هۆکاری تەقینەوەی کێشەکانی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێران بوو


رووداو دیجیتاڵ

مەرزییە جەعفەری، راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئافرەتانی ئێران ئاشکرایکردووە، بێژەرێک هۆکاری تەقینەوەی کێشەی یاریزانانی هەڵبژاردەکەی بووە و بووەتە هۆکاری تۆقاندنی ئەوان و پەنابردنیان، بۆ داواکردنی مافی پەنابەریی لە ئوسترالیا.
 
هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێران، بەشداریی لە جامی ئافرەتانی ئاسیا کردبوو لە ئوسترالیا، لە یاریی یەکەمی هەڵبژاردەکە بەرامبەر کۆریای باشوور، کچە یاریزانانی هەڵبژاردەکە، سروودی نیشتمانیی ئێرانیان نەگوتەوە و بەبێدەنگی مانەوە، ئەوە سەرنجی میدیاکانی بۆ سەر ئەوان راکێشا.
 
دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنی بێدەنگیی کچە یاریزانانی هەڵبژاردەکە، لە سۆشیال میدیاوە، لایەنگرانی کۆماریی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشەی زۆریان لەوان کرد. 
 
کێشەکە زیاتر تەقییەوە کاتێک هەندێک رۆژنامەنووسی ئێرانی کە لە ئوسترالیا دەژین، گوتیان نەگوتنەوەی سروودی نیشتمانی بەخیانەت ناودەبرێت و ئەگەر یاریزانەکان بگەڕێنەوە ئێران، رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە.
 
لە گەرمەی ئەو رووداوانەدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، داوایکرد حکومەتی ئوسترالیا مافی پەنابەریی بە یاریزانە کچەکان بدات و بیانپارێزێت.
 
مەرزییە لە پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، قسەی بۆ میدیای وڵاتەکە کردووە و دەڵێ، کۆمێنتی بێژەرێکی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران، کاریگەرییەکی تۆقێنەری لەسەر یاریزانەکان هەبوو و زۆر ترساندنی و هۆکاربوو بۆ ئەوەی هەندێک لەوان داوای مافی پەنابەریی بکەن.
 
ئەو راهێنەرە ئاشکرایکردووە، لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەی یارییەکەی نێوان ئێران و کۆریای باشوور، یەکێک لە بێژەرانی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران، کچەکانی بە "خیانەتکارانی سەردەمی شەڕ" ناوبردووە و ئەوەش بووەتە هۆکاری تەقینەوەی دۆخەکە.
 
ئاژانسی رۆیتەرز، بڵاوکراوەیەکی فەرمیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێرانی گواستووەتەوە کە تێیدا مەرزییە جەعفەری وایداناوە هەڵەکە لە نێوخۆی ئێراندا بووە و بووەتە هۆکاری تەقینەوەی بارودۆخەکە.
 
رۆیتەرز دەڵێ، فیدراسیۆنە ئێرانییەکە، راگەیێنراوەکەی لە 'تێلێگرام' بڵاوکردووەتەوە، بەڵام دواتر سڕیویەتییەوە.
 
مەرزییە گوتویەتی، "یاریزانەکانمان لە یاریی یەکەمدا کەوتنە ژێر کاریگەریی بارودۆخەکەوە، بەهۆی ئەو کەشوهەوا قورسەی سەریهەڵدا".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "هەڵە گەورەکە ئەوانە کردیان کە لە ئێران بوون، نەیانتوانی لەوە تێبگەن لەوێ چی روودەدات، هێرشیان کردە سەر کچانی وڵاتەکەی خۆیان".
 
ئەو دەڵێ، "ئەوەی لە فیدراسیۆنەکەم داواکرد، تەنیا چاودێریکردنی دۆخەکە بوو، لەبەرئەوەی کاریگەریی دەروونیی لەسەر یاریزانەکان دروستکرد، ئێمە بەرگەی لێکەوتەکانمان گرت، من دڵنیام ئەگەر ئەو جۆرە کەشە نەبووایە، هیچ یاریزانێکمان لە ئوسترالیا نەدەمانەوە".
 
حکومەتی ئوسترالیا، لە پاش لێدوانی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کچە یاریزانەکانی ئێران، مافی مانەوەی بە پێنج یاریزانی هەڵبژاردەی ئێران بەخشی و رۆژی چوارشەممەی رابردووش، دوو یاریزانی دیکەی هەڵبژاردەکە هەمان مافیان بەدەستهێنا، لە کاتێکدا یەکێک لە کچە یاریزانەکان، لە دوا ساتەکاندا پاشگەزبووەوە و گەڕایەوە لای ئەندامانی دیکەی شاندەکە.
 
مەرزییە دەڵێ، "پۆلیسی ئوسترالیا بە چەند قۆناخێک لەگەڵ کچە یاریزانەکان دانیشتن و تاک تاک قسەیان لەگەڵ یاریزانەکاندا کرد، بۆ ئەوەی رازییان بکەن بەمانەوە، بەپشتبەستن بەو کەشە سیاسییەی لە دوای جەنگ سەریهەڵدا".
 
راهێنەرەکە دەڵێ، "خۆشبەختانە پەرچەکرداری بەشی زۆرینەی ئەندامانی تیپەکە نێگەتیڤ بوو بەرامبەر داواکاریی ئوسترالییەکان، تەنانەت موحدیسە زولفی کەلەسەرەتادا بەمانەوە رازیبوو، بەخێرایی بڕیاری گۆڕی و لەگەڵمان دەگەڕێتەوە بۆ ئێران".
 
شاندی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێران، دواتر ئوسترالیای بەجێهێشت و لە مالیزیا گیرسایەوە لە چاوەڕوانیی کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە و گەڕانەوە بۆ ئێران.