راهێنەرێکی هەڵبژاردەی ئێران: ترسم لە گەڕانەوە نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران نیگەرانیی خۆی پێشاندا بەهۆی ئەو دۆخەی وڵاتەکە پێیدا تێدەپەڕێت و دەڵێت "لە گەڕانەوە بۆ ئێران ناترسێم."
 
تۆماس تۆتۆلۆ، راهێنەرێکی ئیتاڵی رووسییە، یاریدەدەری راهێنەری تیپی بالەی هەڵبژاردەی ئێران ، لەبارەی ئەو دۆخەی وڵاتەکە پێیدا تێدەپەڕێت دەڵێت "دەمەوێت پەیامی هاوسۆزی خۆم بۆ هەموو قوربانیان و برینداران، بەتایبەتی کچانی قوتابخانە و کچانی یاریزانی تۆپی بالە کە شەهید بوون، رابگەیەنم. هەموومان بەو هەواڵانەی لە ئێرانی ئازیزەوە دەیبیستین، تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی دەبین. قورسە وشەیەک بدۆزیتەوە کە ببێتە چارەسەر و ئازارەکانتان کەم بکاتەوە. ئازاری ئێوە، ئازاری ئێمەیە. دەزانم جیاوازییەکی زۆر هەیە، بەڵام هەموومان بەهۆی ئەم بابەتەوە ئازار دەچێژین."
 
تۆماس لەبارەی بۆردوومانکردنی هۆڵی بالەی هەڵبژاردەکە دەڵێت "وێرانکردنی هۆڵە جوانە 12 هەزار کەسییەکە زۆر بەئازارە. منیش وەک هەمووان هیوادارم ئەم جەنگە هەرچی زووترە کۆتایی پێ بێت. ئێمە دەزانین گەلی ئێران، یاریزانانی تۆپی بالە و راهێنەرەکانیان چەندە خۆڕاگرن. هەموومان پێکەوە و لە تەنیشت یەک، لە زووترین کاتی گونجاودا، تیپی ناوازەی ئێران بۆ وەرزی داهاتووی نێودەوڵەتی ئامادە دەکەین."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تۆماس تۆتۆلۆ گوتی "دەمەوێت دڵنیایی بدەمە هەمووان کە هیچ ترسم لە گەڕانەوە بۆ ئێران نییە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتی گونجاودا و بە لەبەرچاوگرتنی هەموو بارودۆخەکان، دەست بە کارەکان بکەم. ئێمە پێش دەستپێکردنی ئەم جەنگە، لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی بالەی ئێران هەموو بەرنامەکانی هاوینی داهاتوومان کۆتایی پێ هێنابوو؛ بێگومان زۆر بابەتیشمان هەیە کە پێویستە گفتوگۆیان لەسەر بکەین."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا یاریدەری راهێنەری هەڵبژاردەی بالەی ئێران دەڵێت "ئێمە دەمانەوێت ناوبانگ و شکۆی تیپی نیشتمانیی ئێران بپارێزین. دەبێت لەبەر رێزگرتن لە هەموو خەڵک، لەبەر رێزگرتن لە دابونەریت و خۆڕاگری هەموو خەڵکی ئەوێ ئەم کارە بکەین. بۆیە جارێکی دیکە دەمەوێت پێتان بڵێم کە من نزا دەکەم هەموو شتێک بە خێرایی کۆتایی بێت و هیوادارم بتوانین کارێکی نایاب ئەنجام بدەین. ئینشاڵڵا بەم زووانە دەتانبینمەوە."
 
ئەم قسانەی تۆماس لەکاتێکدایە، لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی ئێران راگیراون و بەشی زۆری یاریزان و راهێنەرە پیشەگەرەکان لە یارییە جیاوازەکان ئێرانیان بەجێهێشتووە.