ڤیدیۆ؛ هەڵبژاردەی خانمانی ئێران لە مالیزیا گیریانخواردووە


رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران، سەرەڕای ئەوەی ماڵئاواییان لە جامی ئاسیای خانمان کردووە، تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و لە مالیزیا گیریانخواردووە.
 
هەڵبژاردەی خانمانی ئێران، رۆژی یەکشەممەی رابردوو دوایین یاریی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامدا و بە دۆڕانی بەرامبەر فلیپین ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد.
 
دوای ئەو یارییە دەبووایە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران دوای بەشدارییەکی پڕ لە مشتومڕ بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتەوە ئێران.
 
یاریزانەکانی هەڵبژاردەی ئێران ئێستا لە کوالالامپۆری پایتەختی مالیزیان، چاوەڕێن بۆ ئەوەی گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێبکەنەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە وڵاتەکەیان، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە ئاسمانی ئێران بەڕووی گەشتکردندا داخراوە و دیارنییە کەی دەکرێتەوە، بۆیە وادەی گەڕانەوەی یاریزانەکانی هەڵبژاردەکەش دیار نییە.
 
یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران کاردانەوەیەکی گەورەیان لەسەر ئاستی جیهان دروستکرد، کاتێک لە یاریی یەکەمیاندا بەرامبەر کۆریای باشوور سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان نەگوتەوە، بەو هۆیەوە یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە کەوتنە بەر هەڕەشەی گرووپە جیاوازەکانی نزیک لە سوپای پاسداران، ئەوەش ترسی لای بەشێکی یاریزانەکان دروستکرد.
 
دوای ئەوە شەش یاریزان و ئەندامێکی دەستەی هونەری هەڵبژاردەی خانمانی ئێران داوای مافی پەنابەرییان لە ئوسترالیا کرد، بەڵام لە دوایین ساتەکانی بەر لە رۆیشتنی هەڵبژاردەکە لە ئوسترالیا یەکێک لە یاریزانەکان پەشیمانبووەوە و شەش کەسەکەی دیکە مافی پەنابەرییان پێدرا.