مانچینی نەیتوانی بگەڕێتەوە و سەد تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو


رووداو دیجیتاڵ

یانەی سەدی قەتەری بەبێ راهێنەر یارییەکی دیکەی خولی قەتەری ئەنجامدا و تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو، دیار نییە کەی راهێنەرەکەی دەگەڕێتەوە.
 
رکابەرییەکانی خولی قەتەر، دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران راگیران، رۆژی پێنجشەممە دەستیانپێکردەوە و رۆژی هەینی سەد بەرامبەر یانەی ئوم سەڵاڵ یارییکرد و لە یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵ بەرامبەر پێنج گۆڵ دۆڕا و سێ خاڵی لەدەستدا.
 
لە یارییەکەدا رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری ئیتاڵی یانەی سەد نەیتوانی لەسەر هێڵی یاریگە بێت، لەکاتێکدا بەپێی راگەیێنراوێکی یانەکە بۆ چاودێریکردنی دۆخی تەندروستیی خێزانەکەی گەڕاوەتەوە ئیتاڵیا، بۆیە یاریدەدەرەکانی کارەکانی ئەویان بەڕێوەبرد.
 
یانەی سەد پێشتر رایگەیاندبوو، دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە مانچینی بۆ ماوەیەکی دیارکراو رۆیشت، بەڵام بەهۆی دۆخی گەشتەکەیەوە هێشتا نەیتوانیوە بگەڕێتەوە."
 
دیارنییە کە فرۆکەخانەی دەکرێنەوە و ئاسمانی وڵاتانی کەنداو بەڕووی گەشتکردندا ئاسایی دەبنەوە، بۆیە روون نییە کەی راهێنەرەکە دەگەڕێتەوە قەتەر و پەیوەندی بە یانەکەیەوە دەکاتەوە.
 
یانەی سەد دەڵێت "لە هاوئاهەنگی بەردەوامدا دەبن بۆ ئەوەی لە زووترین دەرفەتدا مانچینی بگەڕێتەوە."
 
ئەمە چوارەم دۆڕاندنی سەد بوو لەم وەرزەی خولی قەتەر، بەڵام لەگەڵ ئەوەش یانەکە هێشتا لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 38 خاڵ و چوار خاڵ لە نزیکترین رکابەرییەوە دوورە.