پاریس بە ئارامییەوە دەچێتە ئانفێڵد و لیڤەرپوولیش دوایین هیوای تاقیدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ دەچێتە یاریگەی ئانفێڵد و دەیەوێت هەنگاوەکانی بەرەو گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ تەواو بکات.
 
لە یاریی گەڕانەوەدا کاژێر 22:00 هەردوو یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رووبەڕووی یەکدەبنەوە، لە یاریی چووندا فەرەنسییەکان لە یاریگەی خۆیان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و دەیانەوێت هەنگاوەکانیان بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە پارێزگاریکردن لە نازناوەکەیان خێراتر بکەن.
 
رێدز دوای دۆڕانی یاریی چوون لە چامپیۆنزلیگدا، لە دوایین یارییدا لە پرێمەرلیگدا سەرکەوتنی بەرامبەر فولهام بەدەستهێنا و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی دەست بەو هیوا کەمەوە بگرێت کە بۆ گەڕانەوە هەیەتی، بەتایبەت کە یانەکە جگە لە چامپیۆنزلیگ هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەماوە بۆ ئەوەی رکابەریی تێدا بکات، بەڵام ئەوەش زۆر زەحمەتە.
 
پاریس سانجێرمان بە ئارامییەوە خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە، هەم لەبەرئەوەی یاریی چوونی بردووەتەوە، هەمیش بەهۆی ئەوەی هیچ یارییەکی لە دوای ئەو یارییەوە لە خولی فەرەنسا ئەنجام نەداوە.
 
عوسمان دێمبێلێ و ئەستێرەکانی پی ئێس جی ئامادەن و دەیانەوێت بە سوود وەرگرتن لە ئەنجامی یاریی چوون خۆیان بگەیێننە قۆناخی داهاتوو.
 
فابیان رویز لە پاریس سانجێرمان، بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات، لە ریزەکانی لیڤەرپوول ئەلیسۆن بیکەر دیارترین یاریزانە کە بەشداری ناکات و کورتیز جۆنز گەڕاوەتەوە.
 
هەردوو تیپ 7 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، لیڤەرپوول خاوەنی 3 بردنەوەیە و پاریس سانجێرمان 4 بردنەوەی هەیە.
 
بە دۆڕان و کرانە دەرەوە لە چامپیۆنزلیگدا، ئەگەرەکانی دوورخستنەوەی ئارنێ سڵۆت، لە راهێنەرایەتیکردنی یانەی لیڤەرپوول زۆر زیاتر دەبن، لەکاتێکدا لەم وەرزەدا یانەکە نزیکە وەرزێکی سفری لە بردنەوەی نازناو بەڕێ بکات.