ئاتلێتیکۆ مەدرید یانەی بارسێلۆنای لە چامپیۆنزلیگ کردە دەرەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید سەرکەوتنی بۆ قۆناخی پێشکۆتایی مسۆگەر کرد، سەرەڕای دۆڕانی لە یاریی گەڕانەوەدا بەرامبەر بە بارسێلۆنا بە ئەنجامی 2-1، لەو یارییەی کە لە یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ بەڕێوەچوو.
پێشتر یانەی بارسێلۆنا لە یاریی چوون، لەسەر خاکی خۆی و لە یاریگای کامپ نو بە ئەنجامی 2-0 بە ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕابوو.
لە یارییەکەی دوێنێ شەودا، لامین یامال لە خولەکی 4ـدا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بارسێلۆنا تۆمارکرد. پاشان فێران تۆرێس، لە خولەکی 24ـدا بە لێدانێکی پێی چەپ گۆڵی دووەمی بۆ تیپەکەی کرد و پێشکەوتنەکەی بەهێزتر کرد.
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید جیاوازییەکەی کەمکردەوە و یەکەم گۆڵی خۆی لە رێگەی یاریزان ئادیمۆلا لوکمانەوە لە خولەکی 31ـدا تۆمارکرد، گۆڵەکە بە لێدانێکی بەهێز بوو دوای ئەوەی پاسێکی لە مارکۆس یۆرێنتیەوە پێگەیشت.
لە خولەکی 78ـدا، ئێریک گارسیا، بەرگریکاری یانە کەتەلۆنییەکە، بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، دوای ئەوەی لەسەر هێڵی ناوچەی سزای بارسێلۆنا رێگری لە ئەلێکساندەر سۆرلۆس، هێرشبەری یانە مەدریدییەکە کرد.
ئاتلێتیکۆ مەدرید نزیک بوو لەوەی گۆڵی یەکسانبوون لە تۆڕی بارسێلۆنا تۆمار بکات، کاتێک مپلینا تۆپەکەی ئاڕاستەی ناوەڕاستی گۆڵەکە کرد بەڵام گۆڵپارێزە کەتەلۆنییەکە گرتی.
بەم ئەنجامە، ئاتلێتیکۆ مەدرید بە ئەنجامی 3-2 لە کۆی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە، توانی بلیتی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ مسۆگەر بکات و بارسێلۆناش سەرەڕای بردنەوەی ئەم یارییە، بەڵام بەهۆی ئەنجامی یاری یەکەمەوە ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
لە یارییەکی دیکەدا یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کۆتایی بە خەونەکانی لیڤەرپوول هێنا، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشت، بردنەوەیەکی گرنگی بە ئەنجامی 2-0 تۆمارکرد.
بەم ئەنجامە، لیڤەرپوول بە راهێنەرایەتی ئارنێ سڵۆتی هۆڵەندی ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە کرد، بەمەش سێیەمین نازناوی لەم وەرزەدا لەدەستدا دوای ئەوەی پێشتر لە جامی کاراباو کەپ و جامی یەکێتیی ئینگلتەرا کرابووە دەرەوە، جگە لەوەی لە رکابەرییەکانی بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ بێئومێد بووە.
ئێستا پاریس سانجێرمان لە قۆناخی پێشکۆتاییدا، چاوەڕێی براوەی یاریی نێوان بایرن میونشن و ریال مەدرید دەکات.