رووداو دیجیتاڵ
یوفا دەستوەردان دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانێکی لەناکاو، کە لەنێوان بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید روویداوە بەر لە یارییە چارەنووسسازەکەی ئەمشەوی نێوانان.
ئەمشەو کارژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا لەسەر یاریگای میترۆپۆلیتانۆ میوانداریی بارسێلۆنا دەکات، کە لە یاریی یەکەمدا لەنێو کام نودا 2-0 لێیبردووەتەوە.
یانەی بارسێلۆنا سکاڵایەکی لای یوفا کردووە و تێیدا ئاتلێتیکۆ مەدریدی بەوە تۆماتبار کردووە کە چیمەنی یاریگاکەی نەبڕیوە و تەڕیشی کردووە بۆ ئەوەی یاریزانەکانی بخلیسکێن و نەتوانن بەئارەزووی خۆیان پاس بدەن.
یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا وەڵامی ئەو سکاڵایەی دایەوە کە یانە کەتەلۆنییەکە سەبارەت بە چیمەنی یاریگای میترۆپۆلیتانۆ پێشکەشی کردبوو.
چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئاماژەیان بەوە کردووە کە هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، سکاڵایەکی پێشکەش بە بەرپرسانی یوفا کردووە بەهۆی زۆریی درێژیی چیمەنی یاریگای میترۆپۆلیتانۆ.
راهێنەری بلاوگرانا ناڕەزایەتی خۆی نیشانی سەرپەرشتیارانی یوفا دا کە پێش دەستپێکردنی دوایین یەکەی مەشق و راهێنان لە ناو یاریگاکەدا بوون. گرتە ڤیدیۆییەکانی کەناڵی 'ئێل دێسمارکی' فلیکیان نیشان دا کاتێک بەرەو ئەندامانی یوفا دەچوو و ئاماژەی بە شوێنێکی دیاریکراوی چیمەنەکە دەکرد.
بەگوێرەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، هەرچەندە چیمەن درێژتر بێت، جووڵەی تۆپ خاوتر دەبێتەوە، ئەمەش کارێکە کە زۆرجار بارسێلۆنا پێی رازی نییە، چونکە تیپەکە پشت بە کۆنتڕۆڵکردن و گواستنەوەی خێرای تۆپ دەبەستێت و لەم یارییەشدا هەوڵ دەدات کاریگەری هێرشبەرییەکەی زیاد بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەنجامی یاریی چوون.
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە یوفا وەڵامی سکاڵاکەی بارسێلۆنای داوەتەوە و رایگەیاندووە کە چیمەنەکە دەپێورێت و ئەگەر پێویست بکات کورت دەکرێتەوە.
هەروەها روونی کردەوە کە پڕۆتۆکۆڵێک هەیە دەبێت لەم حاڵەتانەدا پەیڕەو بکرێت، چونکە یاساکە دەڵێت نابێت درێژی چیمەن لە 3 سانتیمەتر زیاتر بێت بەشێوەیەکی یەکسان لە تەواوی یاریگاکەدا.
رۆژنامەکە ئاشکراشی کردووە کە بارسێلۆنا هەمیشە پێی باشە درێژی چیمەن 2.3 سانتیمەتر بێت و هەمان ئەو کارەش لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نو جێبەجێ دەکات.
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدیش وەڵامی سکاڵاکەی بارسای دایەوە و جەختی کردەوە کە پابەندی ئەو رێسایانەیە کە یوفا دەیسەپێنێت، هەروەها دووپاتیکردەوە کە چیمەنەکە هەمیشە هەمان قەبارەی هەیە، چ لەم وەرزەدا بێت یان لە وەرزەکانی پێشوودا.
رۆخی بلانکۆس ئاماژەی بەوە کرد کە باری چیمەنەکە لە مانگی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە دوای تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی سەرما کە لە سەرەتای ساڵدا هەبوو، کە ئەوکات ببووە هۆی سکاڵای یاریزانانی ئاتلێتیکۆ مەدرید خۆشیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ