هەولێر دەیەوێت گرێی یەکسانبوونەکانی بکاتەوە و بچێتەوە پلەی سێیەم
رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار یاریی بەبێ بردنەوە، یانەی هەولێر دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست و پارێزگاری لە شوێنی خۆی بکات کاتێک بەرامبەر یانەی نەفت یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر کاژێر 17:00 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی نەفت دەبێتەوە و پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە.
هەولێر لە چوار یاریی رابردوودا یەکسانبووە و هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بەرامبەر موسڵ یەکسانبوون، هاندەران لە ئەنجامەکان نیگەران بوون و چاوەڕێی گەڕانەوەی یانەکەیان دەکەن.
بەر لە یارییەکە باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یارییەکە بەرامبەر نەفت بەبێ زەحمەتی نابێت، نەفت تیپێکی رێکخراو و بە ئەزموونە. متمانەی زۆرمان بە تیپەکەمان و یاریزانە پاڵەوانەکانمان هەیە بۆ ئەوەی ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستبهێنین و قەرەبووی ئەنجامەکانی رابردوو بکەنەوە."
لەلایەن خۆیەوە سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی یانەی هەولێر هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا دەڵێت "ئامادەکارییەکانمان باشە و هیچ پێکانێکمان نییە، هەموو یارییەکانی داهاتوو زەحمەتن، بەڵام ئامادەین بۆ ئەوەی پلەیەکی باش لەم وەرزەدا بەدەستبهێنین."
بەر لەم یارییە هەولێر پلەی سێیەمی لە بەرژەوەندی یانەی تەڵەبە لەدەستداوە و بە 53 خاڵ چووەتە پلەی چوارەم، نەفت لە پلەی یازدەیەمە بە 37 خاڵ، هەولێر بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ دەیەوێت بگەڕێتەوە شوێنی ئاسایی خۆی.