ئێمباپێ: یارییکردن بۆ ریال مەدرید دیاریی خوایە

 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی تۆپی پێی فەرەنسا و یانەی ریال مەدرید لەبارەی یارییکردنی بۆ یانەی ریال مەدرید دەڵێت "دیاریی خوایە" و پێیوایە ئەو لە باشترین یانەی جیهان یاریی دەکات.
 
ئێمباپێ لە لێدوانێکدا کە گۆڤاری (GQ) بڵاویکردووەتەوە دەڵێت "بەبڕوای من یارییکردن بۆ ریال مەدرید دیارییەکە لە خواوە، ئەوەی دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخساوە کە لەگەڵ خولیای خۆم بژیم، بەشداریی باشترین یارییەکان بکەم و لە باشترین یانەی جیهاندا یاریی بکەم. هەمیشە سوپاسگوزارم کە لەناو یاریگەدام و هەموو بەیانییەک بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە لە خەو هەڵدەستم کە دڵخۆشم دەکات."
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە لەبارەی هەستی خۆی بۆ یارییکردن لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەڵێت "عاشقی ئەوەم لەناو یاریگەدا بم و هەست بکەم پێ دەخەمە سەر باشترین زەوی لە جیهاندا، لە وڵاتێکدا کە لە رووی تۆپی پێوە بە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان دادەنرێت."
 
کیلیان باس لە پێشکەوتنی ئاستی هونەریی دەکات و دەڵێت "بێگومان ئاستم پێشکەوتووە، کاتێک دەستپێدەکەی یارییەکەت جۆرێک لە بێباکی تێدایە و زیاتر بیر لە پێشاندانی خۆت و دروستکردنی جیاوازی دەکەیتەوە، بەڵام لەگەڵ تیپەڕبوونی کاتدا تێدەگەیت کە تۆپی پێ تەنیا ئەوە نییە کە بە تۆپەکەوە دەیکەیت، بەڵکو هەموو ئەو کارە کارێکی بە کۆمەڵە، بەردەوامی و بەرپرسیارێتییە. ئێستا بەهرە تەنیا بەس نییە، بەڵکو بەردەوامی جیاوازی دروستدەکات."
 
کاپتنی فەرەنسا باسی مۆندیالی 2026 دەکات و گوتی " جامی جیهانی ساتێکی تایبەتە. بردنەوە بە شێوەیەکی بە کۆمەڵ و لە رێگەی بەردەوامی و عەقڵییەتەوە بەدەستدێت. ویستێکی گەورەمان هەیە، بەڵام لەوەش تێدەگەین کە هیچ شتێک گەرەنتی کراو نییە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا گۆڵکاری ریال مەدرید دەڵێت "قورسترین شت گەیشتن نییە بە لووتکە، بەڵکو مانەوەیە لەوێ و بەردەوامبوونە لە پێشکەوتن. کاروانی پیشەگەری هەرگیز بەو شێوەیە ناڕوات کە مرۆڤ وێنای دەکات، هەندێک شت هەن کە بەدەست خۆتن و هەندێکی دیکە نا. ئەمڕۆ من لەو ژینگەیەم کە لە منداڵییەوە خەونم پێیەوە دەبینی، چونکە هەمیشە هەوڵمداوە لە رێگەی کارکردنی سەخت، پلان و هەوڵدان بۆ باشترین، رێگەی گەیشتن بەو شوێنە خۆش بکەم."