ریال لە رکابەریکردنی ئاتلێتیکۆ بەردەوامە

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید هیواکانی بۆ بردنەوەی نازناوی لالیگای ئەم وەرزە پاراست، دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی گرانادا بەدەستهێنا.

لە رکابەرییەکانی گەڕی 36ـی لالیگا، ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی گرانادا یارییکرد، یانەی میوان بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە.

دوای 17 خولەک یارییکردن لوکا مۆدریچ دەرگای گۆڵکردنی کردەوە و ریالی پێشخست، پاشان لە خولەکی 45 رۆدریگۆ گوس گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم کۆتاییهات.

لە خولەکی 71 خۆرخی مۆلینا گۆڵێکی بۆ گرانادا تۆمارکرد، بەڵام ئەلڤارۆ ئۆدریۆزۆلا و کەریم بنزیما وەڵامی خێرایان هەبوو و لە خولەکی 75 و 76 دوو گۆڵی دیکەیان بۆ لۆس بلانکۆس تۆمارکرد و ریال مەدرید یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.

ئێستا یانەی شاهانە 78 خاڵ هەیە و بە جیاوازیی دوو خاڵ لە دواوەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی پێشەنگ لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە.

ریال مەدرید 16 یارییە لە لالیگادا نەدۆڕاوە، 11 بردنەوە و 5 یەکسانبوونی هەیە، ئەمە گەورەترین ژمارەی ئێستای یانەکەیە لە خولەکەدا کە پێشتر لە 2017-2016 لە 16 یارییدا نەدۆڕابوو کە ئەو کات 12 بردنەوە و 4 یەکسانبوونی هەبوو.