ریال مەدرید نزیکە لە بردنەوەی گرەوە گەورەکە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستێک نزیکبووەتەوە و هەنگاوی گەورەش بۆ تەواوکردنی کارەکانی گرێبەستەکە نراون.
 
یانەی ریال مەدرید بەخێرایی کار دەکات بۆ ئەوەی گرێبەستی دین هاوسن، بەرگریکاری لاوی ئیسپانی و یانەی بۆرنمۆوسی ئینگلیزی بۆ یانەکەی یەکلابکاتەوە و ئامادەیە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە جێبەجێ بکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی ریال مەدرید ئامادەیە 50 ملیۆن یۆرۆ وەکو مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە بدات، بەڵام بەشێوەی قیست مەرجەکە جێبەجێ دەکات و بە سێ قیست پارەی گواستنەوەی یاریزانەکە دەداتە یانە ئینگلیزییەکە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، پێویستە ریال مەدرید لە ماوەی 18 مانگدا پارەی گواستنەوەی ئەو یاریزانە بداتە بۆرنمۆوس، قیستی یەکەمی 25 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، قیستی دووەم لە دوای 9 مانگ دەبێت و 12.5 ملیۆن یۆرۆیە، دوای 9 مانگی دیکەش لە دانی قیستی دووەم، ریال مەدرید 12.5 ملیۆن یۆرۆی دیکە دەداتە بۆرنمۆوس و قیستی گواستنەوەی ئەو یاریزانە تەواو دەبێت.
 
جگە لە ریال مەدرید یانەکانی چێڵسی، لیڤەرپوول و ئارسیناڵ داوای ئەو یاریزانە دەکەن و گرنگی بە گواستنەوەی دەدەن، بەڵام ریال مەدرید نزیکە لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکە و بردنەوەی گرەوەکە.
 
ریال مەدرید دوای ئەوەی لەم وەرزەدا نەیتوانی ئەنجامی باش بەدەستبهێنێت و هیچ نازناوێکی نەبردەوە، بۆ وەرزی نوێ قۆناخێکی نوێ لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ دەستپێدەکات و چەند یاریزانێکی نوێ دەگوازێتەوە، یەکێک لە ئامانجەکانیشی دین هاوسنی 20 ساڵە، کە ئەم وەرزە تاوەکو ئێستا 34 یاریی بەدرێسی بۆرنمۆوسەوە ئەنجامداوە و ئێستا یەکێک لە دیارترین بەرگریکارە لاوەکانی پرێمەرلیگە.