مارادۆنا تیرۆرکراوە؟
رووداو دیجیتاڵ
جیانینا مارادۆنا، کچی ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین، دیێگۆ مارادۆنا، لە دادگای سان ئیسیدرۆ لە ئەرجەنتین ئامادەبوو. ئەو وەک شایەتحاڵێک لە دادگاییکردنی حەوت کارمەندی تەندروستی قسەی کرد کە تۆمەتبارن بەئەنجامدانی کەمتەرخەمیی و بێباکی لە مردنی باوکیدا.
دیێگۆ مارادۆنا لە 25ـی مانگی 11ـی2020، لە تەمەنی 60 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئەو لەماڵەوە لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو دوای ئەوەی نەشتەرگەریی مێشکی بۆ ئەنجام درا. ئێستا دوای چەند ساڵێک، کچەکەی و پارێزەرەکەی دەڵێن چاودێریی ماڵەوەی مارادۆنا راستەقینە نەبووە و پلانی بۆ دانراوە.
جیانینا دەڵێت باوکی لە "شوێنێکی تاریک و تەنیادا" دانراوە. ئەو پێیوایە خەڵکانێکی زۆر بەرپرسیارن و دەڵێت "من باوەڕم بە دادپەروەری هەیە، و دەزانم کە تاوانباران و باجەکەی دەدەن".
ئەو باسی ئەو تۆمارە دەنگییانە دەکات کە لە دادگا لێدرانەوە، کە تێیدا تیمی تەندروستی باسی باوکی و خێزانەکەی دەکەن. ئەو دەڵێت "تۆمارە دەنگییەکان کارەساتن. ئەوان بەخراپە باسی باوکم و ئێمە دەکەن. ئەمە زۆر خەمناک و ئازاربەخشە، لەسەرووی هەموویانەوە، زۆر نادادپەروەرانەیە".
فێرناندۆ بورلاندۆی پارێزەرەکەی، دەڵێت دادگا بەڵگەی زۆر دەخاتەڕوو. ئەو دۆخەکە بە "دیمەنی شانۆگەریێکی دەستکرد" وەسف دەکات و بە "تیرۆرکردن" ناوی دەبات. ئەو دەڵێت جیانینا هەست بە بێزارییەکی زۆر دەکات دوای ئەوەی گوێی لە تۆمارە دەنگییەکان گرتووە دەیەوێت بڕیارێکی جیاواز دەربارەی ئەو کەسانە بدات کە چاودێریی باوکیان کردبوو.