ئەلهۆ دەگەڕێتەوە نێو هێلانەکەی و ئەمڕۆ مێژووییە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 18 رۆژ دوورکەوتنەوە، لە یاریگەکەی و هاندەرانی، یانەی دهۆک دەگەڕێتەوە نێو یاریگەی خۆی و ئەمڕۆ لە یارییەکی لووتکەدا بەرامبەر یانەی تەڵەبە یاری دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک میوانداریی یانەی تەڵەبە دەکات، یارییەکە لە کاتێکدایە چوار رۆژ لەمەوبەر هەردوو تیپ لە یارییەکی دواخراودا لە بەغدا رووبەڕووی یەکبوونەوە و یارییەکەیان بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
دهۆک لە 27ـی مانگی رابردووەوە ئەم یەکەمجارە لە یاریگەی خۆیدا یاری دەکاتەوە، لە ماوەی دوورکەوتنەوەیدا لە هاندەرانی، بەرامبەر یانەکانی نەفت بەسرە، نەفت و تەڵەبە یارییکرد، لە یارییەکدا بردنەوەی تۆمارکرد، لە یارییەکەدا یەکسانبوو و یارییەکیشی دۆڕاند.
 
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر تەڵەبە، هاندەرانی یانەی دهۆک چالاکییەکی گەورە و سەرنجڕاکێشیان ئامادەکردووە، هەزاران هاندەر بە رەنگی زەرد و شینی یانەکەوە دەچنە یاریگە و یاریی منداڵان هەڵدەدەنە نێو یاریگە.
 
یانەی دهۆک دەڵێت "وەکو پڕۆژەیەکی مرۆیی  و کۆمەڵایەتی، لە یەک نزیککردنەوەی نێوان هەموو چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا، کارگێڕیی یانەی دهۆک بە هاوکاریی رێکخراوی منداڵ پارێزی کوردستان و سەنتەری ژین چالاکی دیاریی منداڵان لە یاریی بەرامبەر تەڵەبە ئەنجامدەدات و ئەم دیارییە بۆ ئەو منداڵانە دەبێت کە نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە."
 
چالاکیی ئەمڕۆی هاندەرانی یانەی دهۆک لە خولەکی 15ـی یارییەکەدا دەستپێدەکات.
 

بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ، یانەی دهۆک لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە و 48 خاڵی هەیە، یانەی تەڵەبە لە پلەی چوارەمە بە کۆکردنەوەی 56 خاڵ، بەڵام دهۆک 27 یارییکردووە و 6 یاریی کەمتر لە رکابەرەکانی ئەنجامداوە.