ریال مەدرید بۆ یاریی مایۆرکا پەنا دەباتە بەر ئەکادیمیای کاستیا


رووداو دیجیتاڵ


ریال مەدرید بەر لە یارییەکەی بەرامبەر مایۆرکا، کە ئەمشەولە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت، رووبەڕووی قەیرانی پێکهاتە بووەتەوە، کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەکە بەهۆی زۆری پێکان و سڕکردنەوە ناچاربووە هەشت یاریزانی ئەکادیمیا بانگهێشت بکات.


دە یاریزانی یانەکە بەردەست نین، لەنێویاندا ڤینیسیۆس جونیۆر، رۆدریگۆ، کارڤاخال، رودیگێر و کاماڤینگا.

هەروەها ئۆرێلیان چوامێنی بەهۆی سڕکردنەوە لە یارییەکەدا بەشدار نابێت، ئەمەش کێشەی زیاتر بۆ هەڵبژاردنەکانی یانەکە دروست کردووە.

بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە، ئەنچێلۆتی رووی لە ریزەکانی لاوان کردووە و چەند یاریزانێکی فێرگەی کاستیای بانگهێشت کردووە، لەنێویاندا سێرخیۆ مێسترێ، یوسف 'یوسی'، جاکۆبۆ رامۆن و ڤیکتۆر مونیۆز - کە دوای یەکەم دەرکەوتنی پڕ گوشار لە یاریی کلاسیکۆدا گەڕایەوە پێکهاتەکە، لەوێدا چانسی کۆتایی یارییەکەی بەهۆی پێکان لەدەستدا و رووبەڕووی رەخنەی زۆری ئۆنلاین بووەوە.

کارلۆ ئەنچێلۆتی زۆری نەماوە لەگەڵ ریال مەدرید، بۆیە دەیەوێت ئەوەی ماویەتی بەسەرکەوتوویی بەڕێی بکات.

سەرەڕای ئەو ئاستەنگانە، ریال مەدرید هەوڵ دەدات بردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە بەدەستبهێنێت و پارێزگاری لە خێرایی و ئاستی تیپەکە بکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی وەرزەکە.

یەکێک لەو رەخنانەی ئەم وەرزە ئاراستەی ئەنچێلۆتی کرا ئەوەبوو کە پشتی بە یاریزانە لاوەکان نەدەبەست و دەرفەتی بۆ یاریزانانی کاستیا نەڕەخساند بۆ ئەوەی دەربکەون، وەک ئەوەی لە بارسێلۆنا دەکرێت و ساڵانە چەندین یاریزانی لاو لە لاماسیاوە سەردەخاتە تیپی یەکەم و وەک ئەستێرە دەردەکەون.