کودەتایەک بەسەرکردایەتی 4 یاریزان لەدژی ئەنچێلۆتی هەبووە

رووداو دیجیتاڵ

 

سەرچاوەکانی نێو ریال مەدرید ئاشکرایانکردووە کە چوار یاریزانی ئەو یانەیە کەشی نێو ژووری جلگۆڕینیان تێکداوە، بەهۆی ناڕەزایەتییان لە کارلۆ ئەنچێلۆتی و دەڵێن "ئەو چوار یاریزانە جۆرێک لە کودەتایان لەدژی ئەنچێلۆتی دەستپێکردبوو، کە بەو هۆکارەوە دۆخی نێو ژووری جلگۆرین شێوابوو".
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە ئەم وەرزە کەشێکی گرژ لە ژووری جلگۆڕیندا زاڵ بوو، کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی کە یانەکە جێدەهێڵێت و پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل وەردەگرێت، پێیوایە ئەو چوار یاریزانە کێشەیان بۆ دروستکردووە، یاریزانەکانیش پاساوی ئەوەیان هەیە کە لەڕووی مەشق و راهێنانی تاکەکەسییەوە پشتگوێخراون و دەرئەنجام لە یاریکردنیشدا دەرفەتیان پێنەدراوە.
 
هەرچەندە گەڕانەوەی ئەنچیلۆتی بۆ ریال مەدرید دوو وەرز لەمەوبەر بووە هۆی ئەوەی دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ و دوو نازناوی لالیگا بەدەستبهێنێت، بەڵام لە وەرزی کۆتاییدا ئاستی تیپەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی و گرژییەکانی ناو تیپەکە زیادییان کرد. کە بووە هۆی ئەوەی چەند یاریزانێک بەنهێنی کار بۆ دەرکردنی بکەن.
 
یاریزانان تووڕەن لە شێوازی کارکردنی کارلۆ
 
بەگوێرەی راپۆرتێک کە رۆژنامەی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، چوار یاریزان یاریزان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەژێر سەرپەرشتی ئەنچێلۆتیدا رووبەڕووی ئاستەنگیی روون بوونەتەوە؛ بەهۆی ئەوەی راهێنەری تایبەتمەندیان نەبووە، بەتایبەتی سەبارەت بە راهێنانی تاکەکەسی.
 
ئەم یاریزانانە بریتین لە ئۆرێلیان چوامینی، ئێدواردۆ کاماڤینگا، ئاردا گولەر و دواجار ئێندریک.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەتایبەتی گولەر و ئێندریک بەدەست کەمی دەرفەتی بەشداریکردن لەگەڵ تیپی یەکەمدا دەناڵێنن، ئەمەش بووەتە هۆی بێزاری ئەوان، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی خواستەکانیان کە دەیانویست رۆڵی زیاتر ببینن.
 
نەبوونی راهێنانی تاکتیکی
 
قەیرانەکە لە مەشقی تاکەکەسیدا نەوەستا، بەڵکو درێژبووەوە بۆ سکاڵای بەکۆمەڵ لەنێو ژووری جلگۆڕین سەبارەت بەخراپی ئامادەکاری تاکتیکی، کە هەر هەمان ئەو چوار یاریزانە بەو کودەتایە هەستاون و هاوڕێکانیان هانداوە دژی ئەنچێلۆتی بێنە دەنگ.
 
یاریزانانی تیپەکە بێزاریی خۆیان لە نەبوونی مەشقی تاکتیکی دەربڕی و پێیانوایە ئەم کەموکوڕییە کاریگەری لەسەر ئاستیان هەبووە لە کاتی یارییە گرنگەکاندا.
 
رۆژنامەکە لە زاری یاریزانێکەوە نووسیویەتی "لە ریال مەدرید پشێوی دروستبووە"، ئەوەش ئاماژەیە بۆ نەبوونی رێکخستنی تەکنیکی و خراپی رێنمایی لەنێو یاریگادا.
 
رۆیشتنی ئەنچێلۆتی لەسەرەتای وەرزەوە چاوەڕوان دەکرا، بەتایبەت دوای ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی بوونەوە لە گونجاندنی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ پێکهاتەکەی.
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە سەرەڕای تۆمارکردنی ژمارەیەکی بەرچاو گۆڵ، ئاستێکی وەک چاوەڕوانکراو پێشکەش نەکرد و نەیتوانی هیچ نازناوێک بباتەوە، کە سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لە ناکۆکی تاکتیکی نێوان ئەو و ستافی تەکنیکی دەکرد.
 
لەلایەکی دیکەوە وا دیارە کودەتای ئەو چوار یاریزانە رۆڵی هەبووە لەوەی کارگێڕیی ریال مەدرید بڕیاری بەڕیکردنی ئەنچێلۆتی دەربکات و چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری پێشووی بایەرلیڤەرکوزن بۆ شوێنی ئەو دەستنیشان بکات.