ئیسرائیل هەڕەشە لە لامین یامال و بارسێلۆنا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هێرش دەکاتە سەر لامین یامالی ئەستێرەی ئیسپانی و هۆشداری دەداتە یانەی بارسێلۆنا، بەهۆی ئەوەی یاریزانەکە ئاڵای فەڵەستینی بەرزکردووەتەوە.
 
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هێرشێکی تووندی کردە سەر لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، دوای ئەوەی ناوبراو لە کاتی ئاهەنگەکانی یانەکەی بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیسپانیا، ئاڵای فەڵەستینی بەرزکردەوە.
 
رەفتارەکەی لامین یامال لە چەند کاژێری رابردوودا کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە، دوای ئەوەی ئەستێرەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە کاتی ئاهەنگی یانەکەی لە ناو پاسە کراوەکەدا، بە ئاڵای فەڵەستینەوە دەرکەوت.
 
وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە پۆستێکدا، کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، لامین یامال هاندانی دوژمنایەتی و رق و کینەی دژی ئیسرائیلی هەڵبژاردووە.
 
ئەو زیاتر گوتی "سەربازەکانمان شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی حەماس دەکەن، کە لە 7ـی ئۆکتۆبەردا منداڵ، ژن و پیر و پەککەوتەی کوشتووە، دەستدرێژی کردووەتە سەریان، سووتاندوونی و تیرۆری کردوون".
 
لە درێژەی قسەکانیدا یسرائیلی وەزیری بەرگری ئیسرائیل، گوتی "دەبێت لامین لە خۆی بپرسێت ئایا ئەمە کارێکی مرۆییە؟ ئایا ئەمە ئەخلاقییە؟".
 
هەروەها ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە بە زمانی هەڕەشەوە گوتی "وەک وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە ئاست هاندان دژی ئیسرائیل بێدەنگ نابم".
 
کاتس پەیامێکی هۆشداریشی ئاراستەی یانەی بارسێلۆنا کرد و گوتی "هیوادارم یانەیەکی گەورەی وەک بارسێلۆنا لەم جۆرە هەڵسوکەوت و لێدوانانە دووربکەوێتەوە و بەشێوەیەکی ئاشکرا روونی بکاتەوە کە هیچ شوێنێک بۆ پشتگیریکردنی تیرۆر نییە".
 
پێشتر هانز فلیک، راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنا، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە رەفتارەکەی لامین یامال دەربڕی بوو و رایگەیاندبوو کە ئەو کارەی لامینی بەدڵ نەبووە، بەڵام کاتێک لەبارەی ئەو رەفتارەی لامین یامالەوە پرسیار لە پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتی کرا؟ لە وەڵامدا دەستخۆشی لە لامین کرد و رایگەیاند کە ئەوەی ئەو کردی جێگەی شانازییە.
 
تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێک لەلایەن کارگێڕیی یانەی بارسێلۆناوە سەبارەت بە رەفتاری ئەو یاریزانە تەمەن 18 ساڵە بڵاو نەکراوەتەوە.