"تاوەکو ئێستا ڤیزای ئەمریکا نەدراوەتە هیچ یاریزانێکی هەڵبژاردەی ئێران"


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران دەڵێت "تاوەکو ئێستا ڤیزای ئەمریکا نەدراوەتە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران و لەم دوو رۆژەدا لەگەڵ فیفا لەسەر ئەو بابەتە کۆدەبینەوە".
 
مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بە ئاژانسی فەرمیی ئێرانی راگەیاند، تاوەکو ئێستا کێشەی پێدانی ڤیزا بە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران چارەسەر نەبووە. ئێمە هیچ شتێک لەلایەنی بەرامبەر (ئەمریکا) وەرنەگرتووە و روون نییە ڤیزایان بە کێ داوە، تاوەکو ئێستا هیچ ڤیزایەکمان بەدەست نەگەیشتووە و یاریزانانی ئێمە پێویستە بۆ پەنجەموور بچنە ئەنقەرە، لەکاتێکدا کەمپی مەشق و ئامادەکارییەکانمان لە ئەنتالیایە، بۆیە هەوڵدەدەین ئەم رێکارە هەر لە ئەنتالیا جێبەجێ بکرێت.
 
سەرۆکی فیدراسیۆنەکە دەڵێت "ئێمە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ مۆندیال، بەڵام چاوەڕوانی هەڵسوکەوتی لایەنی بەرامبەر دەکەین، ئێمە کارمان بە ئەمریکا نییە و بەشداری لە جامی جیهانیدا دەکەین، کە فیفا بەرپرسی پاڵەوانێتییەکەیە".
 
مەهدی تاج زیاتر قسەیکرد و گوتی "سبەی یان دووسبەی لەگەڵ فیفا کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازمان دەبێت و پێویستە فیفا گەرەنتی بدات، لەوەی هەڵبژاردەکەمان گەیشتووەتە ئەمریکا و یارییەکانی بەبێ کێشە ئەنجامبدات و بگەڕێتەوە".
 
دەنگۆی ئەوەی بڵاوبووەتەوە هونەرمەندی نێوداری ئێران، موعین ئیسفەهانی سروودی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردەی ئێران دەڵێتەوە، بەڵام لە ئێران دژایەتیی کراوە، لەو بارەیەوە مەهدی تاج گوتی "ئێمەش تەنیا ئەوەمان بیستووە، ئێمە پێشوازی لە هەرکەسێک دەکەین کە سروودی نیشتمانی بڵێتەوە، بەڵام لەبارەی ئەوەی کە موعین ئەو کارە دەکات یان نا، من زانیارییەکی وردم نییە".
 
ئەم قسانەی مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لەکاتێکدان، شەوی چوارشەممە هەڵبژاردەی ئێران لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا کە هەزاران هاندەر بۆ ماڵئاواییکردن لە تیپەکە ئامادەی بوون، بەرەو تورکیا بەڕێکەوت، لەوێ کەمپێکی مەشق و راهێنان و یارییەکی دۆستانە ئەنجامدەدات، پاشان بۆ مۆندیالی 2026 بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت.
 
پێشتریش مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاندبوو، ئەوان لە مۆندیالدا میوانی فیفان، نەک ئەمریکا.
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان، زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، ئێران بەشداری لە مۆندیالدا دەکات و لە وادە و شوێنی دیاریکراوی خۆی یارییەکانی ئەنجامدەدات.
 
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، نیگەرانی ئەوەن کە ئەندامانی سەر بە سوپای پاسداران لەنێو شاندی هەڵبژاردەکەدا هەبن، کە بەپێی یاسا و سزاکانی ئەمریکا، ئەندامانی سوپای پاسداران بچنە ئەمریکا.