دێربیی کوردستان لە هەولێرە و نەورۆز میوانە
رووداو هەولێر
ئەمشەو لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، چاوەکان لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری دەبن، بۆ ئەوەی هەولێر و نەورۆز لە دێربییەکی کوردستانیدا رووبەڕووی یەکببنەوە و رکابەری لەسەر باشتر کردنی ئەنجامەکانیان بکەن.
لە گەڕی 35ی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە کاژێر 20:30 یاری دێربیی کوردستان لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری لەنێوان هەردوو یانەی هەولێر و یانەی نەورۆز بەڕێوەدەچێت.
بەهۆی یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق وەستابوو، یانەی هەولێر یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاری ئەنجامدا و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە زاخۆی بردەوە، یانەی نەورۆز لە سلێمانی درێژەی بە مەشق و راهێنانەکانیدا.
هەولێر دەیەوێت سێ خاڵی یارییەکە پێشکەشی هاندەرانی بکات و لەنێو یاریگەی خۆیدا ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕێت، بەڵام هەریەک لە ئوسامە رەشیدی ناوەڕاستکار، رێبین سۆلاقای بەرگریکار ریزەکانی هەولێریان جێهێشتووە، هاوشێوەی هەریەک لە یوسف بن سۆدە، هیگۆر ڤیدال و هیلیۆ مۆنتیرۆی کە بەهۆی کێشە داراییەکانی یانەکە ئەو یاریزانانە ئامادە نەبوون بەردەوامبن.
شێرکۆ کەریم، کاپتنی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو گوتی "دەمانەوێت یارییەکە ببەینەوە و سێ خاڵ بکەینە دیاری و پێشکەشی هاندەرانمان بکەین، دوای یارییەکەی هەڵبژاردەی عێراق پەیوەندیم بە ئوسامە رەشیدی هاوڕێم کرد، ستایشی ئاستبەرزیم کرد، ئەو ئامادە نەبوو بگەڕێتەوە هەولێر و ئاشکرایکرد کە تۆپی پێ بەو شێوەیە ناکرێت، ئیدی لە رۆژانی داهاتوو نازانم بۆچوونی دەگۆڕێت یان نا".
یانەی هەولێر بەکۆکردنەوەی 44 خاڵ لە پلەی یازدەمی ریزبەندییە و هەوڵەکانی سەمیر بابۆی راهێنەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکەیە، بۆ ئەوەی تیپەکە هەنگاو بەرەو پلەکانی ناوەڕاستی ریزبەندی بنێت.
یانەی نەورۆز دوو رۆژە لە هەولێرە و خۆی بۆ یارییەکە ئامادەدەکات، تیپەکە بە تەواوی یاریزانەکانی لە ئامادەباشیدان و کەموکوڕی لە پێکهاتەکەیدا نییە، تیپەکە دواین یەکەی راهێنانی لەسەر یاریگەی بەڕێوەچوونی یارییەکە ئەنجامدا.
ئاسۆ رۆستەم، کاپتنی یانەی نەورۆز لەبارەی یارییەکە بۆ رووداوی روونکردەوە "بەشێوەیەکی باش ئامادەین و پێموایە یارییەکی زۆر بەهێزە، گرنگە هەر دوو لا رێزی یەکدی بگرین و ئەو یارییە بە دەردی یارییەکەی ئێمە و زاخۆ نەبەن کە بەهۆی شەڕ و گرژی نێو یاریگە تەواو نەکرا ".
نەورۆز 43 خاڵی کۆکردووەتەوە لە پلەی سێزدەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.