گۆڵکارەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید پێش دەستپێکردنی مۆندیال هەڕەشە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەلێکساندەر سۆرلۆس، ئەستێرە و گۆڵکاری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، ئامادەیی تیپەکەی بۆ یارییەکانی جامی جیهانیی یانەکان راگەیاند و هەڕەشە لە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەکات.
 
سۆرلۆس لە لۆس ئانجلێس قسەی بۆ ماڵپەری فەرمی ئاتلێتیکۆ مەدرید کردووە و دەڵێت "زۆر دڵخۆشم لێرەم، کەشوهەوایەکی نایابە، یاریگەکان نایابن، شارەکە زۆر خۆشە و رکابەرییەکی وەرزشی هەیە، تیپەکەمان هەستدەکات بەتەواوی بۆ داهاتوو ئامادەیە."
 
گۆڵکارە نەرویجییەکە زیاتر قسەیکرد و گوتی "هەستدەکەم لە باشترین کاتەکانمدام، لە یارییە نێودەوڵەتییەکان گەڕاومەتەوە کە دوو یاریمان بردەوە و گۆڵم تۆمارکرد، ئەمە پاڵنەرێکی مانەوی زۆرباشە بۆ من بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە."
 
سۆرلۆس لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی پاریس سانجێرمان دەڵێت "جامی جیهانی یانەکان پاڵەوانێتییەکی زۆر گرنگە، باشترین و یانە بژاردەکان و باشترینەکانی جیهانی تێدایە، ئەمە هەلێکی گەورەیە بۆ ئێمە وەکو تیپ بۆ ئەوەی تواناکانمان پێشانبدەین، هەموو توانایەکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بەباشترین شێوە دەربکەوێت."
 
ئەلێکساندەر سۆرلۆس لە وەرزی رابردوودا 24 گۆڵی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید تۆمارکرد، 7 گۆڵی لە دوایین 4 یارییدا تۆمارکرد و یەکێک لە مەترسیدارترین هێرشبەرەکانی ئاتلێتیکۆ مەدریدە.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە مۆندیالی یانەکاندا لە کۆمەڵەی دووەمدا یاری دەکات، شەوی یەکشەممە کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، یەکەم یاریی لە پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدات، دوای ئەوە دوو یاریی دیکە بەرامبەر یانەکانی سیاتل ساوندەرزی ئەمریکی و بۆتافۆگۆی بەرازیلی ئەنجامدەدات.