نەسڕ بە هێنانی راهێنەرێکی گەورە کریستیانۆ دڵخۆش بکات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەسڕی سعودی، دەیەوێت بۆ وەرزی نوێ پێکهاتەیەکی بەهێزی هەبێت و ئێستا یانەکە سەرقاڵی رازیکردنی راهێنەرێکی بەنێوبانگە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری یانەکە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیتاڵیا، یانەی نەسڕ هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لوچیانۆ سپالێتی رازی بکەن، بۆ وەرزی داهاتوو راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت و ئامادەن مووچەیەکی گەورەش بدەنە راهێنەرەکە.
 
ماڵپەری "football-italia" نووسیوویەتی، سپالێتی بژاردەی یەکەمی یانەی نەسڕە و یانە سعودییەکە دەستەوارەیەکی گەورەی بۆ رازیکردنی ئامادەکردووە، لەکاتێکدا ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانە سعودییەکە نزیکە لەوەی بگەڕێتەوە ئیتاڵیا و راهێنەرایەتی یانەی فیۆرێنتینا وەردەگرێت.
 
بەپێی سەرچاوەکە، یانەی نەسڕ دەیەوێت بۆ دوو وەرز گرێبەست لەگەڵ سپالێتی بکات و بۆ هەر وەرزێک 18 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچەی ساڵانە بداتە راهێنەرەکە.
 
لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە یانەکە گفتوگۆکانی لەگەڵ راهێنەرە ئیتاڵییەکە دەستپێکردووە و هەر لە دوای راگەیاندنی رۆیشتنی راهێنەرەکە لە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، نەسڕ دەستەوارەکەی پێشکێشی ئەو راهێنەرە کردووە.
 
تاوەکو ئێستا سپالێتی هیچ بڕیارێکی لەبارەی گرێبەستەکەوە نەداوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ئەنجامەکانی وەکو پێویست نەبوون.


 
لە ئەگەری رازیبوونی لوچیانۆ سپالێتی بە دەستەوارەی یانەی نەسڕ، ئەو راهێنەرە دەبێتە دووەم راهێنەری ئیتاڵی لەم هاوینەدا پەیوەندی بە خولی سعودییەوە بکات، دوای ئەوەی سیمۆنی ئینزاگی بووە راهێنەری یانەی هیلال.
 
یانەی نەسڕ لەسەر داوای کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت بۆ وەرزی نوێ پێکهاتەیەکی بەهێز ئامادەبکات، چەند یاریزانێکی نوێ بگوازێتەوە و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات، کە ئەمە مەرجی کریستیانۆیە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و مانەوە لە یانەکەدا.
 
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر میدیای سعودیە رایگەیاندبوو، کریستیانۆ رۆناڵدۆ داوای دوورخستنەوەی ستیفانۆ پیۆلی و هێنانی ژمارەیەک یاریزانی ئاستبەرزکردووە.