ئاسێنسیۆ چوار دەستەوارەی بۆ مانەوە لە ریال مەدرید رەتکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

راول ئاسێنسیۆ، ئەستێرەی لاوی یانەی ریال مەدرید چوار دەستەوارەی بۆ مانەوە لە یانەکە رەتکردووەتەوە و یاریزانەکە نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
 
بەرگریکارە ئیسپانییەکە، بەهۆی ئەو ئاستە باشەی لە سەرەتای دەرکەوتنییەوە بەدرێسی ریال مەدریدەوە پێشکێشی دەکات، چاوی زۆری لەسەر بوو و هەر زوو میدیای ئیسپانیا یاریزانەکەیان بە شوێنگرەوەیەکی باش بۆ سێرخیۆ رامۆس ناوبرد، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی یاریزانەکە چاوی زیاتری لەسەر بێت و بەرپرسانی ریال مەدریدیش کار بۆ پارێزگاریکردن لە تواناکانی بکەن.
 
بەپێی هەواڵی رادیۆی کادێنا کۆپێی ئیسپانی، یاریزانەکە لەگەڵ ریال مەدرید رێککەوتووە و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2031 نوێدەکاتەوە، لەکاتێکدا گرێبەستی ئێستای لە 30ـی ئەم مانگە کۆتاییدێت.
 
ماڵپەری ئۆک دیاریۆی ئیسپانی دەڵێت "یاریزانەکە چوار دەستەوارەی لە یانە گەورەکانی ئەورووپا رەتکردووەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوامبێت، ئەو یانانەشی داوای گواستنەوەی یاریزانەکەیان کردووە، پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، چێڵسی ئینگلیزی، ئەیسی میلانی ئیتاڵی و پۆرتۆی پۆرتوگالین، بەڵام یاریزانەکە دەیەوێت ماوەیەکی درێژ بەدرێسی سپی یانەی شاهانەوە یاری بکات."
 
راول ئاسێنسیۆ تەمەنی 22 ساڵە، لە دڵی بەرگریدا یاری دەکات، دەرچووی ئەکادیمیای یانەی ریال مەدریدە و لە هەموو تیپەکانی یانەی شاهانە یارییکردووە، ساڵی 2024 لە تیپی کاستیا مەدریدەوە سەرخرا بۆ تیپی یەکەم، کە ئەو کاتە نرخەکەی تەنیا 300 هەزار یۆرۆ بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی گەیشتووەتە 40 ملیۆن یۆرۆ.