پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە فلیکەوە خەونی لامین دەکاتە راستی
رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا سەرقاڵی دانانی پلانەکانیەتی بۆ وەرزی داهاتوو و دەیەوێت هێڵی پێشەوەی یانەکەی بەهێزتر بکات، بۆ ئەوەش چاوی لە تواناکانی یەکێک لەو یاریزانانەیە کە لامین یامال خەون بە گواستنەوەیەوە دەبینێت.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، هانزی فلیک پەیوەندیی بە نیکۆ ویلیامز، هێرشبەری ئیسپانی و یانەی ئاتلێتیک بیلباو کردووە و پڕۆژەی یانەکەی بەتەواوی بۆ روونکردووەتەوە و پێی راگەیاندووە، دەیەوێت پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، سەرەڕای ئەوەی پێشتر خوان لاپۆرتا لەبارەی ئەو یاریزانەوە خۆی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان دزیبووەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت "نیکۆ ئێستا یەکێک لەو ناوە دیارانەیە کە لەسەر ئاستی ئەورووپا داواکاریی زۆرە، بەتایبەت کە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی زۆر نییە و تەنیا 62 ملیۆن یۆرۆیە، لەلایەکی دیکەوە یاریزانەکە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە و دەکرێت ئەوە گواستنەوەی ئاسانتر بکات."
پێشتر لە یاریی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ئاتلێتیک بیلباو، فلیک و نیکۆ باوەشیان بەیەکدیدا کرد، ئەو دیمەنە کاردانەوەی زۆری لە میدیادا دروستکرد و هەر زوو دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە فلیک دەیەوێت یاریزانەکە بباتە بارسا.
سەرەڕای ئەو گرنگییە ئاشکرایەی بارسا بە نیکۆ دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یانەکە بیر لە بژاردەی دیکەی وەکو مارکۆس راشفۆرد و لویس دیازیش دەکاتەوە.
سپۆرت دەڵێت "لویس دیاز لە پێشینەی کارەکانی دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنایە، بەڵام زۆری پارەی داواکراو لەلایەن لیڤەرپوولەوە کە دەگاتە 80 ملیۆن یۆرۆ، بەربەست دەخاتە بەردەم هەنگاوەکانی یانەکە بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە، لەکاتێکدا بارسێلۆنا نایەوێت زیاتر لە 60 ملیۆن یۆرۆ بدات."
نیکۆ ویلیامز پێشتر بە هاوڕێکانی لە یانەی ئاتلێتیک بیلباو گوتووە، وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەکە نابێت، جگە لە بارسێلۆنا یانەی بایرن میونشنیش گرنگی بەتواناکانی دەدات، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە وەرزی داهاتوو یاریزانەکە لە کام یانە یاری دەکات.
نیکۆ ویلیامز هاوڕێی نزیکی لامین یامالە، میدیای ئیسپانیا بڵاویکردبووەوە لامین داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ یاریزانەکە بکەن.