نۆیەر: تا پێنج هەفتەی دیكە ئاهەنگ دەگێڕین

رووداو - هەولێر

مانوێل نۆیەر گۆڵپارێزی ئەڵمانیا و باشترین گۆڵپارێزی مۆندیالی بەڕازیل، رایگەیاند وڵاتەكەی بەلای كەم بۆ ماوەی 5 هەفتە ئاهەنگی بردنەوەی نازناوی مۆندیال دەگێڕێت.

ئەڵمانیا لە یاریی كۆتایی شەوی رابردوو بە گۆڵێك لە ئارجێنتینای بردەوە و بووە یەكەم وڵاتی ئەوروپا كە لە ئەمەریكای باشووردا نازناوی مۆندیال بەدەست بهێنێت.

نۆیەر لە كاتی ئاهەنگگێڕانی لەگەڵ یاریزانانی هاوڕێی، گوتی: بە لای كەمەوە بۆ ماوەی 5 هەفتە ئاهەنگ دەگێڕین، ئاهەنگەكان دواتر كۆتاییان دێت، بەڵام هەردەم دەم بە خەندە و پێكەنین دەبین.

هەروەها گوتی" نازناوەكەمان بەدەستهێنا، كە ئەو ساتانە باوەڕناكرێن، لەو ماوەیەی رابردوودا و لە كاتی ئامادەكارییەكان بۆ مۆندیال، دووچاری چەند نوشوستییەك هاتین، پێویستە یادی ئەو یاریزانانەش بكەین كە ئێستا لەگەڵمان نین، ئەوانیش وەكو ئێمە پاڵەوانی مۆندیال و جیهانن.

مانوێل نۆیەر یەكێك بوو لە بنەچە سەرەكییەكانی پێكهاتەی ئەڵمانیا و گۆڵپارێزێكی ئاستبەرزە، بەشێكی سەرەكی هۆكارەكانی سەركەوتنی ئەڵمانیا و بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی بەڕازیل بوو بۆ تیپی وڵاتەكەی.