مۆدریچ بۆچی لەگەڵ میلان ژمارە 14ی هەڵبژارد



رووداو دیجیتاڵ

لوکا مۆدریچی یاریزانی ریال مەدرید، دوای 12 ساڵ یارییکردن بۆ یانە شاهانەکە، بەفەرمی گەیشتە ئیتاڵیا و پەیوەندی بە یانەی ئەی سی میلانەوە کرد، یاریزانە کرواتییەکە ژمارەی درێسەکەشی هەڵبژاردووە، کە رێزلێنانێکی شاراوەیە بۆ کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری پێشووی.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕێکی ئیتاڵی، لوکا مۆدریچ گەیشتووەتە شاری میلان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی و واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ رۆسۆنێری. مۆدریچ بڕیاریداوە بۆ وەرزی 2025-2026 درێسی ژمارە 14 بپۆشێت، کە هەمان ئەو ژمارەیەیە کارلۆ ئەنچیلۆتی لە ماوەی یاریکردنیدا لەگەڵ ئەی سی میلان پۆشیویەتی.

مۆدریچی تەمەن 39 ساڵ، گرێبەستێکی تاوەکو ، مانگی شەشی 2026 لەگەڵ میلان واژۆکردووە، لەگەڵ بژاردەی نوێکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکە. براوەی باڵۆن دۆری 2018 چاوەڕوان دەکرێت رۆڵێکی سەرەکی لە هێڵی ناوەندی یانەکەدا ببینێت لەژێر سەرپەرشتی ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەردا.

هاتنی مۆدریچ دوای رۆیشتنی تیجانی رێیندێرز دێت بۆ یانەی مانچێستەر سیتی، کە بۆشاییەکی لە هێڵی ناوەڕاستدا بەجێهێشتبوو. رێیندێرز وەرزی رابردوو هەمان درێسی ژمارە 14ـی دەپۆشی.

ئەستێرە کرواتییەکە دوای گەیشتنی بە میلان، لێدوانێکی کورتی بۆ میدیاکان دا و گوتی: "زۆر دڵخۆشم کە لێرەم، ئاڵنگاری گەورە چاوەڕێم دەکات، کاتم دەبێت بۆ قسەکردن لەسەر هەموو ئەمانە."

مۆدریچ لە وەرزی 2024-2025 لەگەڵ ریال مەدرید بەشداریی لە 63 یاریدا کرد، چوار گۆڵ و نۆ ئاسیستی تۆمارکرد و سەرەڕای تەمەنی، بۆ ماوەی 2،984 خولەک یاریکرد.

دوای ئەوەی رازی بووە مووچەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە، بڕیارە مۆدریچ لە 4ی مانگی هەشت لە میلانێلۆ دەست بە مەشقەکانی بکات، بۆ ئەوەی یارمەتی یانەکەی بدات لە کێبڕکێی گەڕانەوە بۆ بردنەوەی نازناوی سکودێتۆ.