برونا هۆکاری جیابوونەوەی لە رۆدریگۆ ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

"خەریک بوو دڵم دەربێنم"، ئەمە یەکەم لێدوانی کچەهاوڕێی رۆدریگۆی ئەستێرەی ریال مەدریدە دوای جیابوونەوە درامییەکەیان.
 
برونا رۆتای بەرازیلی، کچەهاوڕێی پێشووی رۆدریگۆی ئەستێرەی بەرازیلی و هێرشبەری یانەی ریال مەدرید، دوای ماوەیەک لە جیابوونەوەیان، کە هەمووانی تووشی شۆککرد، بێدەنگیی شکاند.
 
پێشتر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردبوو کە رۆدریگۆ بڕیاری جیابوونەوەی لە کچەهاوڕێکەی، برونا رۆتا داوە، ئەمەش دوای ئەو مشتومڕەی لەسەر پەیوەندییەکەیان دروست بوو، سەرەڕای دەرکەوتنیان پێکەوە لە چەند ڤیدیۆیەکی ئەم دواییانەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
 
برونا رۆتای تەمەن 26 ساڵ، سەرسامیی خۆی بە ڤیدیۆیەک نیشاندا کە لە هەژماری خۆی بڵاوی کردبووەوە و تێیدا هاتبوو "کاتێک کەسێک لێم دەپرسێت بۆچی جیابووینەتەوە، شەرم دەکەم بڵێم تەنیا ئەوە مابوو دڵم دەربهێنم و پێشکێشی بکەم، بەڵام ئەو نەیتوانی لەپێناوی ئێمەدا بگۆڕێت، بۆیە تەنیا دەڵێم پەیوەندییەکەمان سەرکەوتوو نەبوو".
 
رۆدریگۆش لەلای خۆیەوە لە ریال مەدرید دۆخێکی سەخت بەسەردەبات، دوای وەرزێکی خراپ کە تێیدا متمانەی کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەری پێشووی ئیتاڵی لەدەستدا و رۆڵی لە تیپەکەدا پاشەکشەی کرد. 
 
سەرەڕای دەستنیشانکردنی چابی ئەلۆنسۆی ئیسپانی وەک راهێنەری نوێی مێرینگی، بەڵام دۆخی هێرشبەرە بەرازیلییە تەمەن 24 ساڵەکە نەگۆڕاوە.
 
لەکاتی جامی جیهانیی یانەکانی 2025 رۆدریگۆ بەشدارییەکی زۆری نەکرد، سەرەڕای نەخۆشکەوتنی کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، و راهێنەرە ئیسپانییەکە گۆنزالۆ گارسیای هێرشبەری لاوی بەسەردا هەڵبژارد.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باسیان لەوە کردووە کە هێرشبەرە بەرازیلییەکە بڕیاری جیابوونەوەی لە کچەهاوڕێکەی داوە بۆ ئەوەی سەرنجی لەسەر کاروانی وەرزشییەکەی بێت لەگەڵ ریال مەدرید و ئاستی پێشووی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام دەنگۆکان هێشتا بەدوای چارەنووسییەوەن و هەواڵی نوێ دەرکەوتوون سەبارەت بەخواستی یانەی مانچێستەر سیتی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیدا پێش کۆتاییهاتنی بازاڕی گواستنەوەی ئێستا.
 
رۆدریگۆ لە دوایین یاریی دۆستانەی یانە شاهانەییەکەدا بەرامبەر تیرۆلی نەمساوی درەوشایەوە، کاتێک لە خولەکی 81 گۆڵێکی تۆمارکرد دوای پاسێکی نایابی ئێمباپێ کە بە لێدانێکی یاریزانە بەرازیلییەکە بەرەو گۆڵ کۆتاییهات.
 
دوای یارییەکە، رۆدریگۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیبووی "با وەرزی 2025-2026 دەستپێبکات"، لەگەڵ ئیمۆجییەکی دڵی سپی.