سکانداڵێکی سێکسی، یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند دەهەژێنێت
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە، دوو سکاڵای لەسەر دەستدرێژیی سێکسی پێگەیشتووە کە دژی فەرمانبەرێکی پێشووی یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند تۆمارکراون. دەستدرێژییەکە چەند دەیەیەک لەمەوپێش بووە.
گوتەبێژی پۆلیسی ئەڵمانیا لە هاگنی رۆژئاوای دۆرتمۆند رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا دوو سکاڵا تۆمارکراون لەبارەی تۆمەتبارکردن بەدەستدرێژیی سێکسی کە پێشتر روویانداوە.
قسەی گوتەبێژەکە، راپۆرتێکی رۆژنامەی 'بیڵد'ی ئەڵمانی دووپاتدەکاتەوە کە پێشتر رایگەیاندبوو لەنێو یانەکەدا دەستدرێژیی سێکسی کراوە و سکاڵا تۆمارکراوە. رۆژنامەکە ناوی تۆمەتبارەکە و تەمەنی دەستدرێژی کراوە سەرەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دووپاتیکردووەتەوە یانەکە کۆمپانیایەکی تایبەتی راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوەی دەرەکی لە رووداوەکە و سکاڵا تۆمارکراوەکان.
پێشتر یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڵاوکراوەیەکی راگەیاند، لە وەڵامی راپۆرتی رۆژنامەی بیڵد و ئاشکرایکرد، لەسەرەتاکانی ساڵی 2010 بۆ یەکەمجار سکاڵای لەبارەی 'هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوە لە چەند کەسێک' بەدەستگەیشتووە.
یانەکە دەڵێ ئەوەی هەوڵی نزیکبوونەوەکەی داوە، فەرمانبەرێکی پێشووی یانەکە بووە و ویستوویەتی لە یاریزانێکی سەروو 18 ساڵ نزیک ببێتەوە، بەڵام ئەوکات یاریزانەکە سکاڵای تۆمارنەکردووە.
هەروەها دەڵێ، ساڵی 2023 جارێکی دیکە، کەسێکی دیکە سکاڵای لەسەر هەمان فەرمانبەری پێشوو تۆماکردووە، بەهۆی هەوڵدانی بەردەوام بۆ نزیکبوونەوە لە کەسانی دیکە و داوای سێکس، هەربۆیە یانەکە گرێبەستی ئەو فەرمانبەرەی هەڵوەشاندووەتەوە.
رۆژنامەی 'بیڵد' دەڵێ، دۆسێیەکە پەیوەندی بەڕاهێنەرێکی پێشووی یانەکەوە هەیە، تۆمەتبارکراوە بەوەی دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر ژمارەیەک، یاریزان و هاندەری مێردمنداڵی یانەکە.