چەند هەواڵێکی ناخۆش بارسێلۆنا دەهەژێنن


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت و چەند یاریزانێکی یانەکە بۆ یاریی کلاسیکۆی بەرامبەر ریال مەدرید هەڕەشەیان لەسەرە و ئەگەری هەیە یاریی ناکەن.
 
یانەی بارسێلۆنا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری یانەکە تووشی پێکانبووە و گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگەکان لەسەر خێرایی وەرگرتنی چارەسەرییەکانی دەوەستێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، لیڤا دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە بارسێلۆنا، پشکنینی پزیشکیی بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە یاریزانەکە پێکانی پێشووی نوێ بووەتەوە و بەو هۆیەوە لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە و ئەگەری هەیە 6 هەفتەی پێویست بێت تاوەکو دەگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.
 
بەمەش لیڤاندۆڤسکی ناتوانێت بەشداری لە یارییەکانی داهاتووی یانەکەیدا بکات، بەتایبەتیش یاریی کلاسیکۆ کە رۆژی 26ـی ئەم مانگە دەکرێت.
 
میدیای پۆڵەندا دەڵێت "هێرشبەر و کاپتنی هەڵبژاردەکە مەترسیی لەسەرە و ئەگەری هەیە مانگی داهاتوو بەرامبەر هۆڵەندا و ماڵتاش یاری نەکات."
 
جگە لە لیڤاندۆڤسکی، رافینای بەرازیلی لەسەر مەشقە تاکەکەسییەکانی بەردەوامە، یاریزانەکە ئەمڕۆ چووەتە کۆمەڵگەی وەرزشی یانەکە و بەتەنیا لە هۆڵی وەرزشیدا مەشقی کردووە، بەڵام دوای ئەوە شوێنەکەی بەجێهێشتووە و یاریزانەکە بەدڵنیاییەوە بۆ یاریی رۆژی شەممە بەرامبەر جیرۆنا ئامادەنییە.
 
رۆژنامەی سپۆرتی نزیک لە بارسێلۆنا دەڵێت "ئەو یاریزانەش بۆ یاریی بارسێلۆنا گومانی لەسەرە و ئەگەری هەیە یاریی نەکات، بەتایبەت کە لە قۆناخی وەرگرتنی چارەسەردا یاریزانەکە تووشی کەوتنێکی دیکە بووەتەوە و بەمەش پێویستی بە کاتێکی زیاتر دەبێت بۆ گەڕانەوە."
 
خوان گارسیا، گۆڵپارێزی یانەکەش ماوەی چەند هەفتەیەکە تووشی پێکانبووە، هەواڵەکان لەبارەی ئەو یاریزانەشەوە بۆ یانەکە دڵخۆشکەر نین و میدیای ئیسپانیا دەڵێت "زەحمەت گارسیا بۆ یاریی کلاسیکۆ ئامادەبێت."
 
ئێستا لە یانەی بارسێلۆنا، هەریەکە لە خوان گارسیا، گاڤی، فێرمین لۆپێز، لامین یامال، رافینیا، دانی ئۆلمۆ و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پێکانیان هەیە.
 
ئەوەی بۆ هاندەرانی یانەکە جێگەی دڵخۆشییە، دوو رۆژە لەسەریەک لامین یامال بەشداری لە مەشقەکانی یانەکەدا دەکات و ئەگەری هەیە بۆ یاریی بەرامبەر جیرۆنا چەند خولەکێک یاری بکات.