عێراق نەگەیشتە مۆندیال و گراهام ئارنۆڵد هێرشدەکاتە سەر شێوازی پاشکۆکان
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق نەیتوانی خەونەکەی بۆ گەیشتن بە مۆندیال بکاتە، راستی دوای ئەوەی لە دووەم یاریی پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا لەگەڵ هەڵبژاردەی سعودیە یەکسانبوو.
لە دووەم یاریی پاشکۆدا و لە کۆمەڵەی دووەمدا، لە یاریگەی جەوهەرە لە سعودیە، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و سعودیە رووبەڕووی یەکبوونەوە، عێراق بۆ گەیشتن بە مۆندیال پێویست بوو یارییەکە بباتەوە، لەبەرامبەردا سعودیە بەیەکسانبوون و بردنەوە دەگەیشتە مۆندیالی 2026.
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا، سعودیە بەتەواوی کۆنتڕۆڵی یاریگەی کرد و چەند هێرشێکی بردە سەر گۆڵی میوانەکەی، بەڵام ئەو نیوەیە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا، گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری عێراق چەند گۆڕانکارییەکی لە تیپەکەدا کرد و باشتر لە نیوەی یەکەم دەرکەوتن، هێرشیان بردە سەر گۆڵی سعودیە، بەڵام لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو نەبوون، یارییەکە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
بەمشێوەیە و بە سوود وەرگرتن لە ژمارەی گۆڵەکانی سعودیە بە چوار خاڵ و وەکو یەکەمی کۆمەڵەی دووەم گەیشتە مۆندیالی 2026، عێراق دەچێتە پاشکۆیەکی دیکە.
سعودیە ئەمە سێیەمجارە لەسەریەک بەشداری لە مۆندیالدا دەکات و جاری حەوتە سەردەکەوێت، شانبەشانی تونس و مەغریب بووە سێیەم هەڵبژاردەی عەرەبی زۆرترینجار بەشداریی لە مۆندیالدا کردبێت.
عێراق دوای ئەم یەکسانبوونە دەچێتە پاشکۆیەکی دیکە، دوو یاری بەرامبەر ئیمارات ئەنجامدەدات، یاریی یەکەمیان لە ئیمارات دەبێت و یاریی گەڕانەوەیان لە بەسرە دەبێت، کە مانگی داهاتوو هەردوو یارییەکە دەکرێن و براوەکەی دەچێتە دوایین قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنەکان بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە مۆندیال.
عێراق تەنیا یەکجار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، ئەویش لە 1986 بوو، لەو کاتەوە و زیاتر لە 39 ساڵە هەڵبژاردەکە نەگەیشتووەتە مۆندیال.
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە دوای یارییەکە گوتی "تاوەکو ئێستا ئێمە لە رکابەریدا ماوین و دوو یاریی دیکەمان لە مانگی 11 لەبەردەمە، قەتەر و سعودیە شەش رۆژ پشوویان هەبوو و لە یاریگەی خۆیاندا یارییان دەکرد و هەردووکیان سەرکەوتن، پێشتر بەهیچ شێوەیەک سیستمێکی لەم شێوەیەم لە کاروانی راهێنەرایەتیمدا نەبینیووە."