جینارۆ گاتوزۆ: دڵنیام یاریزانەکانم تف لە وێنەکەم دەکەن

رووداو دیجیتال

ئاندریا پیتانیای یاریزانی یانەی ناپۆلی، کاتێک گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی بۆ یانەکەی لە دژی سامپادۆریا تۆمارکرد بەرەو جینارۆ گاتۆزۆی راهێنەری رایکرد و باوەشی پێداگرت.

ئەو هەڵوێستەی پیتانیا ئاماژەبوو بۆ ئەوەی کە ئەوان راهێنەری خۆیان خۆش دەوێت، بەڵام وادیارە خودی گاتۆزۆش دڵنیانییە لەوە.

لەدوای یارییەکە کاتێک ئەو پرسیارەیان لە گاتۆزۆ کرد، ئەو لە وەڵامدا گوتی "یاریزانەکانم هەندێجار منیان خۆشدەوێت، بەڵام گرەو لەسەر ئەوە دەکەم کە هەندێجاریش ئەوان بەیانیان وێنەی من دەردێنن و تفی لەسەر دەکەن".

گاتۆزۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتیشی "دەبێ یاریزانەکانم ئەو راستییە بزانن کە من لە جۆری راهێنەرە کۆنەکانم، دەمەوێت هەموو شتەکان وەک خۆیان باس بکەم، رق و قینەم بۆ کەس نییە، درۆیان لەگەڵ ناکەم و کە قسەشم کرد لێی پاشگەز نابمەوە، تەنیا راستی دەڵێم".

گاتۆزۆ بەوە ناسراوە کە هەمیشە راشکاوانە رەخنە لە یاریزانەکانی دەگرێت و هەرکاتێک تیپەکەی یان یاریزانێکی لە یارییەکدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش نەکرد، لەدوای یارییەکە راشکاوانە رەخنەیان لێدەگرێت.

راهێنەری ناپۆلی، لەبارەی فابیان رۆیزەوە گوتی "رۆیز تووڕەبوو، بەڵام پێمگوت هەر سێ رۆژ یارییەک دەکەین، بەدڵنیاییەوە بۆت قەرەبوو دەکەمەوە".