میلان دەیەوێت شوێنی خۆی لە پێشەنگ بەهێزتر بکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئەیسی میلان بەرامبەر ساسۆلۆ یاری دەکات و دەیەوێت پارێزگاری لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی ئیتاڵیا بکات.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 15ـی سێری ئا، کاژێر 14:30 یانەی ئەیسی میلان لە یاریگەی سانسیرۆ میوانداریی ساسۆلۆ دەکات و تیپەکە چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بەهێزتربکات، دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا ریمۆنتادای بەرامبەر تۆرینۆ تۆمارکرد و چووە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە.
رۆسۆنێری لەم وەرزەدا تەنیا یەک یاریی لە 14 گەڕدا دۆڕاندووە و نابێت لە یاریگەی خۆیدا خاڵ لەدەستبدات، لەکاتێکدا لەگەڵ ناپۆلی هەمان ژمارەی خاڵی هەیە و 2 خاڵ لە پێش ئینتەرمیلانە.
ساسۆلۆ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە، لەم وەرزەدا 6 یاریی دۆڕاندووە، لە گەڕی رابردوودا لە فیۆرێنتینای بردووەتەوە و دەیەوێت بە ئەنجامێکی باشەوە لە سانسیرۆ بێتە دەرەوە.
لە ریزەکانی ئەیسی میلان رافایێل لیاو و یوسف فۆفانا پێکانیان هەیە و یاری ناکەن، بەڵام سانتیاگۆ خیمینێز گەڕاوەتەوە نێو پێکهاتەی تیپەکەی ئالێگری.