سلڤانا لەسەر چوونی بۆ شوێنی تایبەت لە یارییەکانی عێراقدا قسەی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئامادەبوونی خانمە چالاکوانێک لە شوێنی VVIP، لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا لە جامی کەنداو، کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە و چالاکوانەکەش لە رێگەی رووداوەوە روونکردنەوە دەدات.
سلڤانا دڵشاد، خانمە چالاکوانێکی دیاری مەسیحییە، لە دەستپێکی یارییەکانی جامی کەنداوی 25ـەوە بۆ ئامادەبوون لە یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا چووەتە بەسرە، لە یاریی رابردووی هەڵبژاردەکە بەرامبەر هەڵبژاردەی یەمەن کە عێراق یارییەکەی بە 5-0 بردەوە، ئامادەبوونی ئەو خانمە لە شوێنی تایبەت بە بەرپرس و کەسایەتییەکان کاردانەوە و ناڕەزایەتی هاندەرانی بەدوای خۆیدا هێنا و لە سۆشیاڵ میدیادا نووسراوە " کچە مۆدێلی کورد سلڤانا دڵشاد لە شوێنی کەسایەتییەکان ئامادەی یاریی عێراق و یەمەن بووە، کێ مافی ئەوەی هەیە بچێتە ئەو شوێنە؟.
سلڤانا دڵشاد لەو بارەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " من بەهیچ شێوەیەک مۆدێل نیم و هەرگیز ئەو کارەشم نەکردووە، من وەک کچە چالاکڤانێک چوومەتە بەسرە، لە فرۆکەخانەوە تاوەکو یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی بۆ ئامادەبوون لە یاریی عێراق و یەمەن 4 کاژێر بەڕێگەوەبووین، کە گەیشتینە یاریگە نیوەی دووەمی یارییەکە بوو، بەهۆی ئەوەشی کە هیچ شوێنێک نەمابوو و چەند کەسایەتییەکی دیارم لەگەڵبوو، هاوکارییانکردین بۆ ئەوەی بچینە ئەو شوێنە، هەرچەندیش کە من بلیتی یارییەکەشم هەبوو."
سلڤانا زیاتر گوتی " بەهۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر دەمناسێت و پەیوەندییەکی بەهێزم لەگەڵ کەسایەتییە دیار و بەنێوبانگەکانی عێراق هەیە هاوکاریم دەکرێت بۆ ئامادەبوون لە شوێنی تایبەت، بۆ یارییەکەی رۆژی دووشەممەش لەنێوان عێراق و قەتەر، بلیتی تایبەتی یارییەکەم بۆ نێردراوە و لە شوێنی تایبەت سەیری یارییەکە دەکەم."
لەبارەی ئەوەی کە نرخی بلیتی یارییەکان لە بەسرە گەیشتووەتە چەند، سلڤانا بە رووداوی گوت " نرخی بلیتی یاریی نێوان عێراق و قەتەر گەیشتووەتە 150 دۆلار و بەردەوامیش لە بەرزبوونەوەدایە."