یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا چەند پارە لە سعودیە وەردەگرێت؟

رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا رووبەڕووی ریال مەدرید بووەوە و 3-1 لێیردەوە و بووە پاڵەوان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەردوو یانە قازانجێکی زۆر دەکەن.
 
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بردنی جامی سوپەری ئیسپانیا بۆ سعودیە پارەیە، کە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و هەر چوار یانەی بەشداربوو بڕێکی زۆر پارە وەردەگرن.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ بۆ پاڵەوانێتی ئەمساڵ لە سعودیە وەردەگرێت، کە دەکرا ئەو بڕە پارەیە کەمتربێت، بەلەبەرچاوگرتنی مەرجە سەرنجڕاکێشەکانی گرێبەستەکەیان لەگەڵ ئەو وڵاتەی کەنداودا.
 
بۆ نموونە بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ دەکرا بۆ 35 ملیۆن یۆرۆ کەم ببێتەوە ئەگەر یەکێک لە دوو یانەکانی ریال مەدرید یان بارسێلۆنا نەگەیشتبانە یاری کۆتایی، لەکاتێکدا ئەگەر  ڤالێنسیا و ریال بێتیس گەیشتبانە یاریی کۆتایی 10 ملیۆن یۆرۆ لە دەست یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا دەردەچوو، واتا لە جیاتی 40 ملیۆن یۆرۆ 30 ملیۆن یۆرۆی دەستدەکەوت.
 
خەڵاتی دارایی یانە بەشداربووەکان
 
لە پاڵەوانێتی ئەمساڵدا، هەریەک لە یانەکانی ریال مەدرید، بارسێلۆنا، ریال بێتیس و ڤالێنسیا بەشداربوون و خەڵاتە داراییەکانیان بەمشێوەیە بوون.
 
ریال مەدرید 2.8 ملیۆن یۆرۆ
بارسێلۆنا 2.8 ملیۆن یۆرۆ
ڤالێنسیا 1.7 ملیۆن یۆرۆ
ریال بێتیس 750 هەزار یۆرۆ
 
یەکەم کە بارسێلۆنا بوو 2 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەردەگرێت و دووەمیش کە ریال مەدرید بوو ملیۆن یۆرۆ دیکە وەردەگرێت.
 
گرێبەستەکەی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا لەگەڵ سعودیە تاوەکو ساڵی 2029 دەبێت، واتا 275 ملیۆن تا 320 ملیۆن یۆرۆ لەلایەن سعودیەوە دەدرێتە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا.

 

ساڵانە نزیکەی 40 ملیۆن داهاتی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا دەبێت، کە بەشێکی دەداتە پاداشتی یانەکان و ئەوەی دیکە بۆخۆی هەڵدەگرێت، بەڵام 20 ملیۆن یۆرۆ لەو پارەیە بۆ تۆپی پێی میللی لە ئیسپانیا تەرخان دەکات.
 
کۆمپانیای کۆسمۆس کە کۆمپانیایەکی وەرزشیی و کات بەسەربردنە، لەلایەن جیرارد پیکێی بەرگریکاری پێشووی بارسێلۆناوە دامەزراوە، یارمەتی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیای داوە بۆ دانوستاندن لەسەر گرێبەستەکە و بردنی پاڵەوانێتییەکە بۆ سعودیە، بۆیە ساڵانە 4 ملیۆن یۆرۆ بەو کۆمپانیایە دەدرێت.
 
لە مانگی حوزەیرانی 2021 یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا رێککەوتنی لەسەر گرێبەستێک کرد، کە بەهۆیەوە دەتوانێت لە نێوان 240 بۆ 320 ملیۆن یۆرۆ پارە وەربگرێت، لەبەرامبەر ئەوەی سعودیە میوانداری پاڵەوانێتییەکە بکات، سەرەڕای ئەوەی ئیسپانییەکان زۆر رەخنەیان لێگرت، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا ئامادە نەبوو دەستبەرداری ئەو داهاتە زۆرە بێت و تاوەکو ساڵی 2029 گرێبەستەکەی واژۆکردووە.