سەرۆکی ئامەدسپۆر بۆ رووداو سپۆرتس: دەمانەوێت یاریی لەگەڵ هەولێر و زاخۆ بکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر قسە بۆ رووداو سپۆرتس دەکات و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ باشووری کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت "دەمانەوێت یاریی دۆستانە لەگەڵ یانەکانی کوردستان بکەین."
 
سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر لە کاتی سەردانەکەیاندا بۆ یانەی هەولێر قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ئامەدسپۆر لە چەند ساڵی رابردوو بە ناسنامەکەی پێشکەوتنی زۆر زیاتری بەخۆیەوە بینی و دەمانزانی لە باشووری کوردستانیش زۆر سەیری ئامەدسپۆر دەکرێت و ویستمان لە نزیکەوە پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسان و سەرۆکی هەرێم دروستبکەین و پەیوەندی لەگەڵ یانە وەرزشییەکانیش دروستبکەین، بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین سوود بە یەک بگەیێنین و یەکدی پێشبخەین، سەردانەکەمان زۆرباش بەڕێوەدەچێت."
 
لەبارەی سەردانەکەیان بۆ لای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر گوتی "پێش هەموو شتێک زۆر بە کارەکانی ئامەدسپۆر دڵخۆشبوو، کاتێک بۆ مرۆڤایەتی و برایەتی وەرزش دەکات و سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر دڵخۆشبوو و هیوای خواست کە یانەکە لەسەر ئەمە بەردەوامبێت و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو پاڵپشتییەکی یانەکە دووپاتکردەوە و زۆر بە کارەکانی یانەکە دڵخۆشبوو."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەو دەستپێشخەرییەی پێشتر رووداو بۆ رێکخستنی یارییەکی دۆستانە لەنێوان ئامەدسپۆر و زاخۆ کردبووی، کە بە کوێ گەیشت؟ ناهیت ئەرەن، لە وەڵامدا گوتی "هاندەرانی یانەی زاخۆ کاتێک بەربژێر بوون بۆ خەڵاتی باشترین هاندەر، ئێمەش قسەمانکرد و هیوامان خواست یانەکە سەربکەوێت، سەرکەوتوو و زۆر دڵخۆشبووین، پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هاندەرانی ئێمە و زاخۆ هەیە و ئێمەش دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو یانەکانی کوردستان بەهێز بکەین، کارکردن و یەکدی بینین بەردەوامن و لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە قسەمان لەگەڵ سەرۆکی یانەی زاخۆ کردووە و بەڕاستی دەمانەوێت لەگەڵ هەولێر و زاخۆ یاریی بکەین، چ لە ئامەدبێت یان زاخۆ."
 
سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر لەبارەی پڕۆژەکەیان دەڵێت "سەرەتا ویستمان یەکدی بناسین، ئێستا کار بۆ دروستکردنی پەیوەندی دەکەین و دوای ئەوە کار بۆ پڕۆژەکانمان دەکەین."

ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر بە رووداوی گوت " ئامانجی ئێمە ئەوەیە بگەینە سوپەرلیگ، ئێمە دەمانەوێت ناسنامە و رەنگی خۆمان لە هەموو جیهان بڵاوبکەینەوە، ئامەدسپۆر دەیەوێت کاتێک گەیشتە سوپەرلیگ، ئامانجی ئێمە گەیشتن دەبێت بۆ ئەورووپا و بۆ ئەوەش کارێکی بەردەوام دەکرێت، ئێمە ئێستا لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیاین و هیوادارین بگەینە سوپەرلیگ."
 
ئەمڕۆ شاندی یانەکە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا و پاڵپشتیی خۆی بۆ یانەکە دووپاتکردەوە و دڵخۆشیی خۆی بە کارەکانی ئامەدسپۆر دەربڕی.
 
یانەی ئامەدسپۆر ماوەی چەند رۆژێکە لە باشووری کوردستانە، لەگەڵ سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، بافڵ جەلاڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کورستان کۆبوونەوە.