بارسێلۆنا نایەوێت وەکو ریال مەدریدی بەسەربێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا یەکەم یاریی دوای بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا ئەنجامدەدات و دەیەوێت بگاتە قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیا.
 
لە رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکەدا، کاژێر 23:00 یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی راسینگ سانتاندێر یاریی دەکات و دەیەوێت بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە و هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوەکە نزیک ببێتەوە.
 
بارسا بە ورەیەکی بەرزەوە دەچێتە نێو ئەم رکابەرییە، دوای ئەوەی چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر لە سعودیە نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای لە یانەی ریال مەدرید بردەوە و یەکەم نازناوی ئەمساڵی بەدەستهێنا.
 
چاوەڕواندەکردێت ئەمشەو فلیک بە پێکهاتەیەکی تێکەڵ لە یاریزانی سەرەکی و یەدەگ بەشداری لە یارییەکەدا بکات و جواو کانسێلۆش ئامادەیە، دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر بەخواستن پەیوەندیی بە یانەکەوە کرد.
 
بارسێلۆنا پێشتر 100 یاریی بەرامبەر راسینگ ئەنجامداوە، 62 یاریی بردووەتەوە، 17 جار دۆڕاوە و 21 یارییان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە، ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2012 هەردوو تیپ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
لە ساڵی 2004ـەوە راسینگ هیچ یارییەکی لە یانەی بارسێلۆنا نەبردووەتەوە، راسینگ سانتاندێر لە خولی پلە دووی ئیسپانیا لە پێشەنگی ریزبەندە.