نیو ملیار کەس داوای بلیتی یارییەکانی مۆندیالیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) ئاشکرایکردووە، نیو ملیار داواکاریی بۆ کڕینەوەی بلیتی یارییەکانی مۆندیالی داهاتووی لە سەرانسەری جیهانەوە بەدەستگەیشتووە.
فیدراسیۆنەکە ئاشکراکردووە لە سیستمی فرۆشتنەوەی هەڕەمەکیی بلیتی یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو کە ماوەی نزیکەی یەک مانگ بووە، کۆی نیو ملیار داواکاریی بۆ کڕینەوەی بلیتی یارییەکانی مۆندیالی 2026 کە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک میوانداریی دەکەن، بەدەستگەیشتووە.
فیفا دەڵێ لەماوەی نێوان 11/12/2025 تاوەکو 13/1/2026 کە دەرگای کڕینەوەی بلیتی یارییەکان کراوەبوون، پاش دڵنیابوونەوە لە کرێدت کارتی کەسەکان، دەرکەوتووە زیاتر لە نیو ملیار داواکاریی بۆ کڕینی بلیتی یارییەکان هەبووە.
فیفا دەڵێ، لەو ماوەیەدا کە دەرگای تۆمارکردنی داواکارییەکان کراوەبوون، رۆژانە بەرێژەی 15 ملیۆن داواکاریی تۆمارکراوە لە ماوەی 33 رۆژدا، کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی دیکەیە لەسەر داخوازیی بلیتی یارییەکانی مۆندیال.
فیدراسیۆنە نێودەوڵەتییەکە زیاتر ئاشکرایکردووە، لە کۆی 211 فیدراسیۆنی وڵاتانی سەر بە فیفاوە داواکارییەکان تۆمارکراون، ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەیی و دووپاتیدەکاتەوە، کارلێکی گەورەی هاندەران لەگەڵ مۆندیالەکە هەیە کە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، 48 هەڵبژاردە تێیدا بەشدار دەبن.
فیفا روونیکردووەتەوە، زۆرینەی داواکارییەکان لە هەرسێ وڵاتی میوانداریکەری پاڵەوانێتییەکەوە (ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک) بووە، دوای ئەوانیش بەپێی زۆرترین داواکاریی، ریزبەندییەکە بریتییە لە ئەڵمانیا، ئینگلتەرا، بەرازیل، ئیسپانیا، پۆرتوگال، ئەرجەنتین و کۆڵۆمبیا بووە.
بڵاوکراوەی فیفا دەڵێ یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا و پۆرتوگال کە بڕیارە 27ی مانگی شەش لە مەیامی ئەنجام بدرێت، هەروەها یاریی نێوان مەکسیک و کۆریای باشوور لە گوادالاخارا و یاریی کۆتایی مۆندیالەکە و یاریی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە، زۆرترین داواکارییان لەسەر بووە.
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی دەڵێ، "تۆمارکردنی نیو ملیار داواکاریی لەماوەی مانگێکدا، ویستی گەورەی خەڵک بۆ ئامادەبوون لە پاڵەوانێتییەکە دووپاتدەکاتەوە".
بڕیارە هاوینی ئەمساڵ، هەریەکە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا، میوانداریی مۆندیالی 2026 بکات.