لامین یامال رێگەی لە بەرداخچی گرتووە



رووداو دیجیتاڵ

روونی بەرداخچی، یاریزانی لاوی سوێدی لە بارسێلۆنا رووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بووەتەوە و لە پلانەکانی هانزی فلیک وەلانراوە، ئەم یاریزانە تەمەن 20 ساڵە لە 12 یاریی رابردووی تیپەکە، لەساڵی 2026ـدا تەنیا لە 5 یاری بەشداری کردووە و کۆی خولەکەکانی یاریکردنی 160 خولەک بووە، ئەمەش نیشانەی دابڕانی ئەو یاریزانەیە لە پێکهاتەی سەرەکی بارسێلۆنا.
 
ئەمە یەکەمجار نییە بەرداخچی لەم وەرزەدا دەبێتە بینەری یارییەکان، پێشتریش لە مانگی 11ـی ساڵی رابردوو بۆ چەندین یاری یەدەگ بوو. ئێستاش تەنیا لە کۆتایی یارییەکان وەک یاریزانی یەدەگ بۆ ماوەی 10 خولەک یاری پێدەکرێت، ئەمەش وایکردووە گەشەکردنی ئەو یاریزانە لە مەترسیدا بێت.
 
هۆکاری سەرەکی پشتگوێخستنی ئەم یاریزانە بۆ درەوشاوەیی لامین یامال دەگەڕێتەوە، چونکە لامین یامال لە هەمان شوێنی ئەو یاری دەکات و بووەتە یاریزانێکی دەست لێنەدراو لە پێکهاتەی هانزی فلیک. لامین یامال تەنانەت لە یارییەکانی جامی شای ئیسپانیاش پشوو وەرناگرێت، ئەمەش رێگەی لە بەرداخچی گرتووە تواناكانی نیشان بدات.
 
جگە لە رکابەری ناوخۆیی، دەنگۆی گواستنەوەی یاریزانی نوێش گوشاری لەسەر بەرداخچی دروستکردووە. بارسێلۆنا چاوی لە گواستنەوەی هێرشبەری ئاستبەرزە و ناوی جولیان ئەلڤارێز دەهێنرێت. هەرچەندە ئێنریکی سێرێزۆ، سەرۆکی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید رایگەیاندووە بارسێلۆنا بەفەرمی پەیوەندی پێوە نەکردوون، بەڵام هەوڵەکانی یانەکە بۆ هێنانی هێرشبەری نوێ دۆخی بەرداخچی قورستر دەکات.
 
دوای شکستی بارسێلۆنا لە جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، رەخنە لە هانزی فلیک گیرا بەهۆی کەمی بەکارهێنانی یاریزانانی یەدەگ. فلیک لەبارەی دۆخی تیپەکەی گوتی "ئێمە باش یاریمان نەکرد. دەبێت بۆ یاریی دووەم بجەنگین. لە نیوەی یەکەم ئەو تیپەم نەبینی کە دەمویست بیبینم". سەرەڕای قسەکانی فلیک، بەڵام هێشتا متمانەی تەواوی بە بەرداخچی نییە و پێویستە ئەم یاریزانە لەو کاتە کەمەی بۆی دەڕەخسێت، خۆی بسەلمێنێت.