هاری کەین هەڕەشە لە لیڤاندۆڤسکی دەکات



رووداو دیجیتاڵ

ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، پێیوایە بردنەوەی نازناوی بوندێسلیگا بۆ هاری کەین لە هەموو ریکۆردێکی کەسیی گرنگترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دانی بەوەدانا هێرشبەرە ئینگلیزییەکە چاوی لە تۆمارکردنی مێژوویەکی نوێیە.
 
هاری کەین لە دوایین یاری بایرن میونشن بەرامبەر ڤێردەربرێمن و بردنەوەیان بە ئەنجامی 3-0، توانی دوو گۆڵ تۆماربکات. بەمەش کۆی گۆڵەکانی لەم وەرزەی خولی ئەڵمانیا گەیاندە 26 گۆڵ.
 
ئەو هێرشبەرە بە تۆمارکردنی ئەو دوو گۆڵ، گەیشتە 500 گۆڵ لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا. ئێستاش ئامانجی سەرەکی کەین شکاندنی ریکۆردە مێژووییەکەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکییە، ئەو ریکۆردەی بەتۆمارکردنی 41 گۆڵ لە وەرزێکدا نووسراوەتەوە.
 
کۆمپانی لەبارەی ئەگەری شکاندنی ریکۆردەکە لەلایەن کەینەوە گوتی "پێشبینی دەکەم نازناوی خولەکە بۆ ئەو زۆر گرنگتر بێت لە ریکۆردەکە". راهێنەرە بەلجیکییەکە بەپێکەنینەوە گوتیشی "لەوانەیە من هەڵە بم، چونکە بەرگریکار بووم نەک هێرشبەر! بەڵام ئەو هاری کەینە، ئەو هەمیشە گۆڵ تۆمار دەکات".
 
هاری کەین خۆی باس لەوە دەکات ئێستا کاتی قسەکردن نییە لەسەر ریکۆردەکە و دەڵێت "هەموو شتێک ئەگەری هەیە، بەڵام هێشتا رێگەیەکی درێژ ماوە. ئەوە ریکۆردێکی باوەڕپێنەکراوە. من ئێستا لە کاتێکی باشدام و تەنیا دەمەوێت هاوکاری تیپەکەم بکەم. لە مانگی 4 دەبینین لە کوێین، ئەو کاتە بیر لە ریکۆردەکە دەکەمەوە، بەڵام ئێستا تەنیا بیر لە یاری داهاتوو دەکەمەوە".
 
کەین بە تۆمارکردنی 26 گۆڵ لەم وەرزەی بوندێسلیگادا، ژمارەی گۆڵەکانی لە 7 تیپی ناو خولەکە زیاترە. هەروەها ئەو ئێستا گۆڵکاری یەکەمی پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپایە و لە پێش کیلیان ئێمباپێ بە 23 گۆڵ و ئێرلینگ هالاند بە 22 گۆڵ دێت.