ئەربێلوا هەواڵی خۆشی بۆ هاندەرانی ریال مەدرید پێیە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید ستایشی ئاستبەرزیی یاریزانەکانی دەکات و دەڵێت "کاتێک ئێمباپێش دەگەڕێتەوە پێویستیمان بەو یاریزانانە هەیە کە ئێستا گۆڵ دەکەن."
 
ریال مەدرید بردنەوەیەکی گرنگی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بەرامبەر ئێڵچی تۆمارکرد و بەشێوەیەکی کاتی جیاوازییەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا بۆ یەک خاڵ کەمکردەوە، ئەربێلوا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی " پێموایە ساتی زۆرباشمان هەبوو لە یارییەکەدا، بەڵام کەمێک بەردەوامیمان کەمبوو، هەندێکجاری دیکەش باسمان کردووە، ئەو لووتکە نێودارانەی وا دیاربوو بەرەو سەرەوە هەنگاو دەنێین، دواتر هەندێک یاریمان دەدۆڕاند و بەرەو دواوە دەگەڕاینەوە، ئەوە هەموو شتێکی تێکدەدا، بەڵام من هێشتا زۆر دڵخۆشم و پێموایە مەودایەکی زۆرباشمان لەبەردەمە بۆ باشتربوون. پابەندبوونی یاریزانەکان ناوازەیە، یارییەکەی ئەمجارە رەنگدانەوەی ئەوەیە، ئێمە تیپێکین خاوەنی بەهرەی زۆرین، بەڵام ئەگەر هەموومان بەیەکەوە کارنەکەین، رانەکەین، گوشار نەکەین، یارمەتی یەکدی نەدەین، زۆر قورس دەبێت یارییەکان ببەینەوە، بۆ هەموو یارییەک وایە، من بە تەنیا باسی چامپیۆنزلیگ ناکەم، بەڵکو باسی لالیگا دەکەم، پێویستە تیپێکی خاکەڕابین و زۆر پابەندی کارکردنەکەمان بین، ئەگەر ئەوە بکەین بە دڵنیاییەوە شتی زۆرباشمان دێتە پێش."
 
لەبارەی ئەوەی لە یارییەکەدا بەشداریی بە 7 یاریزانی ئەکادیمیای یانەکە کردووە و ئەوە چ مانەیەکی هەیە؟ ئەربێلوا گوتی "پێموایە دوای بینینی شەوێکی لەمشێوەیە ئاساییە ئەگەر لە خەودا بمرم، من لە ئەکادیمیاوە پێگەیشتم و وەکو راهێنەر گەیشتمە تیپی یەکەم، یاریزانەکانی ئەکادیمیای یانەکە جێگەی دڵخۆشی و شانازییەکی گەورەن، نەوەی لا کوینتا دێل بویترێی بیرخستمەوە. زۆر دڵخۆشم یارییکردن و شێوازی نمایشکردنیان دەبینم، ئاسان نییە ئەو کەسایەتییە پێشانبدەیت ئەوەی کە یاریزانەکانی ئەکادیمیا پێشنیان دا، ئەمە رۆژێکە پێویستە هەموو هاندەرێکی ریال مەدرید لەبیری بێت."
 
لەبارەی رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی لالیگا، راهێنەری ریال مەدرید دەڵێت "ئەمە یارییەکی زۆر گرنگ بوو، پێکهاتەکەمان لەپێناو بردنەوە دانا و زۆر گرنگ بوو یارییەکە ببەینەوە، ئەوەش روویدا. ئەمە ئەنجامی کارکردنی یاریزانانە و دەمەوێت هاندەرانی ریال مەدرید ئاستی قوربانیدانی تیپەکە بزانن، ئەوان هەموو شتێکیان پێشکێشکرد، هیوادارم وەرزەکە بە دڵخۆشی تەواو بکەین."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دۆخی کیلیان ئێمباپێ و وادەی گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگەکان، ئەربێلوا بە رۆژنامەڤانانی گوت "رۆژی یەکشەممە لە ڤالدێبێباس مەشق دەکەین و قسەی لەگە دەکەم بۆ ئەوەی بزانین دۆخی چۆنە؟ ئێمە پێویستیمان بە ئێمباپێیە، کاتێک ئامادەبێت بەردەوامبێت لە تەواوکردنی هێرشەکان، کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ نێو یاریگەکانیش پێویستیمان بە تۆمارکردنی گۆڵ هەیە و پێویستە بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوامبین، هیوادارم ئامادەبێت و بتوانێت لە یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی یارمەتیمان بدات، ئەوەش هەواڵێکی باش دەبێت."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەلڤارۆ ئەربێلوا گوتی "پێویستە پشوو بدەین، چونکە رۆژی سێشەممە جارێکی دیکە کاتی راکردنە و داواکاریی زۆرمان لەسەرە پێویستە جێبەجێی بکەین."