لە ئوسترالیاوە بۆ مالیزیا؛ یاریزانانی ئێران لە داواکاری مافی پەنابەری پەشیمان بوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو سێ ئەندامەی هەڵبژاردەی خانمانی ئێرانی کە بۆ مانەوەیان لە ئوسترالیا پەشیمانبوونەوە، پەیوەندییان بە شاندی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیانەوە کرد و گەیشتنە مالیزیا.
رۆژی شەممە، لە پێشهاتێکی نوێدا، سێ ئەندامی هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران، پەشیمانبوونەوەی خۆیان لە داواکاریی وەرگرتنی مافی پەنابەری لە ئوسترالیا راگەیاند و بڕیاریاندا بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، دوای ئەوە ئەمڕۆ بۆ پەیوەندیکردن بە شاندی هەڵبژاردەکەوە گەیشتنە مالیزیا.
سێ ئەندامەکەی هەڵبژاردەی خانمانی ئێران پێکهاتوون لە مۆنا حەموودی، زەهرا سەربەلی و زەهرا مێشککار و ئەمڕۆ وێنەیان لە مالیزیا بڵاوبووەوە و پەیوەندی بە شاندی هەڵبژاردەی خانمانی ئێرانەوە دەکەن.
پەشیمانبوونەوەی ئەم سێ کەسە لەکاتێکدایە پێشتر بەر لەوەی هەڵبژاردەکە لە ئوسترالیا بچێتە دەرەوە، موحەدەسە زولفی، یاریزانی هەڵبژاردەکەش پەشیمانبووەوە و بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ ئێران.
میدیای ئێران ستایشی هەڵوێستی ئەم چوار کەسە دەکات و نووسیوویەتی "هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی کچانی تیپی تۆپی پێی خانمانی ئێران، نەخشەکانی دوژمنی بەرامبەر بەم تیپە کە چەواشەکارییەکی زۆر لە میدیادا لەبارەیەوە بڵاوکرایەوە، تووشی شکستکرد."
چەند رۆژێک لەمەوبەر، دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمیان لە جامی ئاسیا بەرامبەر کۆریای باشوور، سروودی نیشتمانیان نەگوتەوە، یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران کەوتنە بەر ژمارەیەک هەڕەشەی جۆراوجۆر، بەمەش 7 ئەندامی شاندەکە داوای مافی پەنابەرییان لە ئوسترالیا کرد، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە حکومەتی ئوسترالیا کرد مافی پەنابەری بداتە ئەو یاریزانانە.
هەڵبژاردەی خانمانی ئێران، تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە وڵاتەکەی و لە مالیزیا چاوەڕێی کردنەوەی ئاسمانی ئێران و ئاسایی بوونەوەی گەشتەکان دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە.