گۆڵکارە کوردەکە پەشیمانبووەوە و دەگەڕێتەوە ئێران
رووداو دیجیتاڵ
زەهرا قەنبەری، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی ئێران و گۆڵکاری تیپەکە لە وەرگرتنی مافی پەنابەری لە ئوسترالیا پەشیمانبووەوە و پەیوەندی بە شاندی هەڵبژاردەکەوە دەکات لە مالیزیا.
زەهرا دیارترین یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێرانە، یاریزانەکە لە دوای کرانە دەرەوەیان لە جامی ئاسیای خانمان لەگەڵ چەند یاریزانێکی دیکەی هەڵبژاردەکە داوای مافی پەنابەرییان لە ئوسترالیا کرد و حکومەتی ئوسترالیا بە داواکارییەکەیان رازیبوو، بەڵام خەریکە هەمووان پەشیمان دەبنەوە.
قەنبەری چەند رۆژێکە لە ئوسترالیا ماوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی چوار لەو ئەندامانەی هەڵبژاردەکە پەشیمانبوونەوەیان لە داواکاریی بۆ مانەوە لە ئوسترالیا راگەیاند، ئەمڕۆ ئەویش بڕیاریداوە بگەڕێتەوە ئێران و بۆ ئەوەش دەچێتە مالیزیا بۆ پەیوەندیکردن بە شاندی هەڵبژاردەکەوە.
دوای پەشیمانبوونەوەی زەهرا قەنبەری، لە وەرگرتنی مافی پەنابەری لە ئوسترالیا، لە کۆی 7 کەس کە داواکارییەکەیان پێشکێشکردبوو، تەنیا دوو کەس ماون و پێنجەکەی دیکە لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەکە دەگەڕێنەوە ئێران.
گۆڵکارە کوردەکەی هەڵبژاردەی ئێران چەند کاژێری داهاتوو دەگاتە مالیزیا و پەیوەندی بە شاندی هەڵبژاردەکەوە دەکات.
زەهرا قەنبەری، کاپتنی هەڵبژاردەی ئێرانە، خەڵکی شاری کەنگاوەری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو هێندە ئاستی بەرزە، بە خانمی گۆڵ ناسراوە، یاریزانی یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانییە و پێشتر لە کەرکووک یاریی بۆ یانەی گازی باکوور کردووە.