ئێران داوا دەکات یارییەکانی لە مۆندیالدا بگوازرێنەوە بۆ مەکسیک

رووداو دیجیتاڵ

 

ئێران پێشنیازی کردووە یارییەکانی لە مۆندیالی 2026 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ مەکسیک بگوازرێنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو جەنگەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەنێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە.
 
ئەحمەد دونیمالی، وەزیری وەرزشی ئێران، لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران 'ئێرنا' بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە کە لەوانەیە ئەم پێشنیازە لەگەڵ یەکێتیی نێودەوڵەتی تۆپی پێ 'فیفا' تاوتوێ بکەن.
 
دونیمالی گوتی "هیوادارم بارودۆخەکە بەجۆرێک بێت کە کوڕەکانمان لە کۆتاییدا بتوانن بەشداری لە مۆندیالدا بکەن".
 
هەروەها گوتیشی "گرنگە هەموو لایەنە وەرزشییەکان بەوردی بەکاربهێنرێن بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامی ئەگەری بەشداریکردن. پەیوەندیش بە فیفا کراوە بۆ وەرگرتنی رای ئەوان لەسەر ئەم بابەتە".
 
بڕیارە هەڵبژاردەی ئێران لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالدا رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی بەلجیکا، نیوزلەندا و میسر ببێتەوە، کە بڕیارە هەر سێ یارییەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام بدرێن. ئەمریکا میوانداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات بەهاوبەشی لەگەڵ مەکسیک و کەنەدا لەماوەی نێوان 11ـی حوزەیران تاوەکو 19ـی تەممووزی 2026.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە دونیمالی، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئەگەری بەشداریکردنی ئێرانی لە مۆندیالدا دوورخستبووەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دواتر رایگەیاند کە بەهۆی هۆکاری ئەمنییەوە گونجاو نییە ئێران بەشداری مۆندیال بکات، بەڵام ئێران ئەو قسانەی رەتکردەوە و جەختی کردەوە کە بڕیارەکان تەنیا و تەنیا لەلایەن فیفاوە دەدرێن.