ئێمباپێ بڕیاری خۆی لەسەر بەشداریکردن بەرامبەر مانچێستەر سیتی داوە
رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری یانەی ریال مەدرید، بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ئامادەبوونی لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان یانەکەی و مانچێستەر سیتی وەرگرت، کە بڕیارە سێشەممەی داهاتوو لە یاریگای 'ئیتیحاد' لە چوارچێوەی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا بەڕێوەبچێت.
ئێمباپێ لە یاریی چووندا، کە چوارشەممەی رابردوو ئەنجامدرا و تێیدا ریال مەدرید بەئەنجامی 3-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەهۆی پێکانەوە بەشداری نەکرد.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسـی ئیسپانی، کیلیان ئێمباپێ پەیوەندی بە شاندی ریال مەدریدەوە دەکات کە سبەی دووشەممە بەرەو شاری مانچێستەر بەڕێدەکەون.
رۆڵی ئەستێرە فەرەنسییەکە تەنیا وەک بینەر یان یاوەریکردنی شاندەکە نابێت، بەڵکو یاریزانەکە پێداگرە لەسەر ئەوەی بەرامبەر تیپەکەی پێپ گواردیۆلا ئامادە بێت، یان لانیکەم لەژێر فەرمانی ئەلڤارۆ ئەربێلۆی راهێنەردا بێت بۆ یارمەتیدانی تیپەکە کە کاتێک تیپەکە پێویستی پێ دەبێت لە بەدەستهێنانی ئامانجی سەرکەوتن بۆ قۆناخی 8ـی چامپیۆنزلیگ.
ئێمباپێ بەتەواوی ئاگاداری قەبارەی ئاڵنگارییەکەیە و مەترسییەکانە، نایەوێت واز لە تیپەکە بهێنێت یان لە بەرپرسیارێتییەکانی رابکات، وەک ئەوەی لە یاریی کۆتایی جامی سوپەردا روویدا، بۆیە هیوادارە لەم رووبەڕووبوونەوە یەکلاکەرەوەیەدا لە تەنیشت هاوڕێکانی بێت.
پلانی چارەسەرکردن و کارە جەستەییەکانی ئێمباپێ کە لە سێ هەفتەی رابردوودا ئەنجامیداون، دەستی کردووە بە دەرخستنی ئەنجامە خوازراوەکان، هەرچەندە ئەمە بە واتای چاکبوونەوەی تەواو لە پێکانە بێزارکەرەکەی نایەت، بەڵام گەشەسەندنی بەرچاو لە دۆخی تەندروستیدا دەرگا بەڕووی ئەگەری بەشداریکردنی لە یاریگای 'ئیتیحاد' دەکاتەوە.
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئێمباپێ یارییەکە لەسەر کورسی یەدەگەوە دەستپێدەکات و چاوەڕێی ئەوە دەکات ئەنجامی یارییەکە بەرەو کوێ دەڕوات، رێک وەک ئەوەی لە سعودیە بەرامبەر بارسێلۆنا روویدا.
ئێمباپێ ئارەزوویەکی زۆری هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی تیپەکەی، نیشانەکانی چەند رۆژی رابردووش زۆر ئەرێنین و ئازارەکانی بەرەو نەمان دەچن، ئەمەش راستی ئەو رێگایە دەسەلمێنێت کە یانەکە بۆ چارەسەرکردنی گرتوویەتییە بەر، بەتایبەت کە هەموو راوێژە پزیشکییەکانی پێشوو رەتیانکردبووەوە نەشتەرگەری بۆ ئەم جۆرە پێکانانە بکرێت.
نزیکبوونەوەی وادەی مۆندیال هیچ رۆڵێکی لە بڕیاری ئەنجامنەدانی نەشتەرگەرییەکەدا نەبووە، بەڵکو بڕیارەکە بەتەواوی پزیشکی بووە، چونکە پلانی چاکبوونەوە و تێپەڕاندنی پێکانەکە پشتی بەجێبەجێکردنی بەرنامەیەکی کارکردنی دیاریکراو بەستبوو دوور لە ژووری نەشتەرگەری.
ئێمباپێ لە دوو رۆژی رابردوودا ئارەزووی خۆی بۆ ئامادەبوون بەرامبەر مانچێستەر سیتی بە بەرپرسانی 'ڤاڵدیبیباس' گەیاندووە و دووپاتیکردووەتەوە کە کارەکان لەسەر رێچکەی راستن و هەست بەباشتربوونی زۆر دەکات.
هاوکات ئەو ئاستە بەرزەی هاوڕێکانی لە یاریی چووندا پێشکەشیان کرد، بووەتە پاڵنەرێکی مانەوەی گەورە بۆ ئەو و تەواوی یاریزانە پێکراوەکانی دیکەی یانە شاهانەکە بۆ ئەوەی بەزووترین کات بگەڕێنەوە نێو لاکێشە سەوزەکان.