فەرمی.. فینالیسیما هەڵوەشێنرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی فەرمی یاریی فینالیسیما، لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئیسپانیا هەڵوەشێنرایەوە و یارییەکە ئەنجام نادرێت.
 
بڕیاربوو یارییەکە رۆژی 27ـی ئەم مانگە لە یاریگەی لوسێل لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی جەنگ لە ناوچەکەدا و رێککنەکەوتنی هەردوو هەڵبژاردە لەسەر شوێنێکی دیکە بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکە ئەو یارییە هەڵوەشێنرایەوە.
 
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی دەڵێت "بڕیار لە هەڵوەشاندنەوەی یاریی فینالیسیما دراوە، بەهۆی ئەوەی هەردوولا لەسەر شوێنێک بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکە نەگەیشتنە رێککەوتن، بۆیە یارییەکە ئەنجام نادرێت."
 
دوای ئەوەی قەتەر سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە راگرت، هەرچەند دوای ئەوە خولی قەتەری دەستیپێکردەوە، بەڵام چارەنووسی فینالیسیما پرسیاری زۆر لەسەر دروستبوو.
 
هەرچەند چەند یاریگەیەکی ئەورووپا پێشنیازکرابوون بۆ ئەوەی یارییەکە لە یەکێک لەو یاریگەیانە بکرێ یان بۆ کارێکی دیکە دوابخرێت، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین رایگەیاند، ئەوان جگە لە یاریگەیەکی بێلایەن ئامادەنین لە هیچ یاریگەیەکی دیکە ئەو یارییە ئەنجامبدەن، بەتایبەت کاتێک باس لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکرا.
 
هەرچەند فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێی ئەورووپا و کۆنمیبۆل لەگەڵ فیفا لە گفتوگۆی بەردەوامدابوون، بەڵام هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێی ئیسپانیا و ئەرجەنتین نەکرا و بەمەش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە درا.