ڤیدیۆ؛ بێنفیکا لە دوایین خولەکدا ریمۆنتادای کرد و شەڕ روویدا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بێنفیکا لە دوایین خولەکدا گۆڵی ریمۆنتادای تۆمارکرد و شەڕ روویدا، کاتێک سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی ئارۆکا بەدەستهێنا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 26ـی خولی پۆرتوگال، بێنفیکا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئارۆکا یارییکرد و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
دوای سێ خولەک یارییکردن لێدانێکی سزا بۆ ئارۆکا هەژمارکرا، لە خولەکی 6 ئەلفۆنسۆ ترێزا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی ئەوان کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 50 ریچارد ریۆس ئەنجامەکەی بۆ بێنفیکا یەکسانکردەوە و تیپەکە گەڕایەوە نێو رکابەرییەکە.
 
لە دوایین خولەکی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا، فرانجۆ ئیڤانۆڤیچ گۆڵی دووەم و ریمۆتادای بۆ بێنفیکا تۆمارکرد و یانەی میوانی پێشخست.
 
دوای ئەوە گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر لەنێوان یاریزانانی هەردوو تیپ دروستبوو، بەو هۆیەوە ئەلفۆنسۆ ترێزا لە یانەی ئارۆکا و عەمار دێدیچ، یاریزانی بێنفیکا بە کارتی سوور کرانە دەرەوە.
 
بێنفیکا بەم بردنەوەیە بووە خاوەنی 62 خاڵ و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی پۆرتوگالە، هەمان ژمارەی خاڵەکانی سپۆرتینگی دووەمی هەیە، بەڵام یارییەکی زیاتری لە رکابەرەکانی ئەنجامداوە.